ئازەربایجان دهنگۆی بوونی تاقیگەی بایۆلۆجی لە وڵاتەکەی بەدرۆخستەوە
دیجیتال میدیای سپێده
ئاژانسی ئاسایشی ئازەربایجان بانگەشەی بەرپرسانی رووسیای لەبارەی بوونی "ناوەندی تاقیگەی بایۆلۆجی" له وڵاتەکەی، بەدرۆخستەوە.
ئاژانسی ئاسایشی ئازەربایجان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەم دواییە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی رووسیای فیدراڵ بانگەشەی بوونی "ناوەندی تاقیگەی بایۆلۆجی" بە پاڵپشتی دارایی وڵاتانی سێیەم لە ئازەربایجان، بڵاوبووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو بانگەشەی لەم جۆرە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک نیگەرانیی رای گشتیی ئازەربایجانی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هیچ کاتێک ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەم جۆرە لە ئازەربایجان کار و چالاکی و هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام نەدراوە کە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە خەڵکی وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێ. بانگەشەی لەو جۆرە دژی وڵاتەکەمان جێگەی قبوڵکردن نییە. لە ئەگەری نیشاندانی بەڵگە لەم بارەوەیەوە لەلایەن رووسیاوە، بە رەچاوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانمان ئامادەین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەین".
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە بەشێک لە بەرپرسانی رووسیا بانگەشەی بوونی تاقیگەی بایۆلۆجییان لە ئۆکراینا، مۆڵدۆڤا، جۆرجیا و ئازەربایجان کردبوو و ئاماژەیەن بەوە کردبوو کە ئەم تاقیگانە بە پشتیوانی ئەمریکا بەڕێوەدەبردرێن.