تاقیكردنەوەی قوتابیانی قۆناغە ناكۆتاكان دەستپێدەكات
دیجیتال میدیای سپێده
ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی خولی یەكەمی وەرزی دووەمی پۆلە ناكۆتاكان و تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە دەستپێدەكات.
ئەمڕۆ یەك شەممە 8-5-2022 بەبەشداری زیاتر لە 308 هەزار خوێندكار ئەزموونەكانی كۆتایی خولی یەكەمی وەرزی دووەم بۆ پۆلەكانی 4ـی بنەڕەتی تاوەكو 11ـی ئامادەیی جگە لەپۆلی 9ـی بنەڕەتی لەسنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەوەی بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ بازنەی یەكەمی بنەڕەتی كە پۆلەكانی (1-2-3)ی بنەڕەتی دەگرێتەوە بەر لەجەژنی ڕەمەزان ئەنجامدرا، ئەمڕۆ یەك شەممە ئەزموونەكانی كۆتایی خولی یەكەمی وەرزی دووەم بۆ بازنەكانی دووەم و سێیەم و چوارەم كە پۆلەكانی ٤ی بنەڕەتی تاوەكو 11ـی ئامادەیی دەگرێتەوە بەبەشداری 308 هەزارو 230 خوێندكار جگە لەپۆلی 9ـی بنەڕەتی بەڕێوەدەچێت.
هاوكات بڕیارە ئەزموونی نیشتیمانی بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە ڕۆژی سێ شەممە 10-5-2022 بەبەشداری 44 هەزار و 907 خوێندكار لەپارێزگای هەولێر بەڕێوەبچێت، ئەمەش لەكاتێكدایە پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە21ـی نیسان تاوەكو 29ـی نیسان ئەزموونەكانی كۆتایی خولی یەككەمی وەرزی دووەمیان ئەنجامدا
بەپێی ئامارەكان كۆی گشتی خوێندكارانی 9ـی بنەڕەتی كە ئەزموونی نیشتیمانی ئەنجام دەدەن لەهەرێمی كوردستان ژمارەیان 116 هەزار و 777 خوێندكارە، دابەش بوون بەسەر 2 هەزار و 253 هۆڵی ئەزموونەكان.
بڕیاریشە لە 7ـی حوزەیرانی 2022 ئەزموونەكانی خولی دووەمی وەرزی یەكەم و وەرزی دووەم بۆ سەرجەم پۆلەناكۆتاكان ئەنجام بدرێت، هۆكاری ئەم گۆڕانكارییەش لەساڵنامەی خوێندن كە ئەمساڵ دووجار ساڵنامەكە هەمواركراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خوێندكار ماوەیەكی زۆر تووشی دابڕان دەبوو لەخوێندن و وانەكەی، هەروەها بەهۆی ئەوەی ساڵانی ڕابردوو خولی دووەمی ئەزموونەكان لەكۆتایی مانگی 8 وسەرەتای مانگی 9 بەڕێوەدەچوون لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن جۆرێك لەتێكەڵی درووست دەبوو.