هەواڵی کوردستان ئێستا

هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم داكۆكی له‌ یه‌كڕیزی ده‌كه‌نه‌وه‌

هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم داكۆكی له‌ یه‌كڕیزی ده‌كه‌نه‌وه‌
هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم داكۆكی له‌ یه‌كڕیزی ده‌كه‌نه‌وه‌

2019-12-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/12/2019 له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وریی خۆیان ئه‌نجامدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، جه‌ختیان له‌ گرنگیی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی سیاسیی لایه‌نه‌ كوردستانییەکان كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخ‌ و پێشهاته‌كان، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هەنگاوەکان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا، به‌رز نرخێنرا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدرال تاوتوێ كرد و ڕۆڵی شاند و تیمه‌ دانوستاندكاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى به‌رز نرخاند بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ وەزارەتی داراییی حكوومه‌تی فیدرال ده‌رباره‌ی بابه‌تی بودجه‌ی 2020 پێیگه‌یشتوون، هه‌روه‌ها داوا كرا حكوومه‌تی عێراقى فیدرال ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئامادەبووان پشتگیرییان بۆ ھەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها تیشکیان خستە سەر جموجووڵەکانى داعش بەتایبەتى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و دووپاتیان کردەوە کە سەرهەڵدانەوەى تیرۆر مەترسییەکى ڕاستەقینەیە و پێویستە هاوکارى و هەماهەنگیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى بەردەوام بێت.

تاوتوێکردنى پرۆژەیاساى هه‌ڵبژاردن و یاساى كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان لە عێراق و پڕۆژەیاساى چاكسازی لە هەرێمى کوردستان، بەشێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو.