هەواڵی کوردستان ئێستا

بڕیارێکی ئیسرائیل له‌باره‌ی به‌شێكی خاكی فه‌له‌ستین کاردانەوەی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

بڕیارێکی ئیسرائیل له‌باره‌ی به‌شێكی خاكی فه‌له‌ستین کاردانەوەی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
بڕیارێکی ئیسرائیل له‌باره‌ی به‌شێكی خاكی فه‌له‌ستین کاردانەوەی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

2022-05-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەیان نیشاندا بەرامبەر بڕیارێکی دادگای ئیسرائیل کە تانەی فەڵەستینییەکان سەبارەت بە پێگەی ناوچەی مسافر يطا لە کەرتی خۆرئاوای داگیرکراو رەت دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە بە زۆرەملێ رابگوازرێن.

دادگای باڵای قودسی سەربە ئیسرائیل، دوێنێ تانەیەکی فەڵەستینیەکانی رەت کردەوە کە دژ بوون بەرامبەر ئەوەی ناوچەی مسافر يطا-ی سەربە شاری ئەلخەلیل لە باشووری کەرتی خۆرئاوا وەک ناوچەی مەشقی سوپای ئیسرائیل ئەژمار بکرێت.

ئاماژە بەوە دەکرێت بڕیارەکە کە بە واتای کۆچی دانیشتوانی ناوچەکە دێت، دەبێتە هۆی رووخانی شوێنی نیشتەجێبوونی فەڵەستینییەکان و ئاوارەبوونی زیاتر لە چوار هەزار کەس.

نووسینگەی قودسی یەکێتیی ئەورووپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە؛ 'بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی، گواستنەوەی تاک و بەکۆمەڵی کەسانی پارێزراو لە خاکی داگیرکراودا بە هەر بیانویەک بێت قەدەغەیە'.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە دوای ئەوەی زەویەکی کشتوکاڵی فەڵەستینیەکان بە رووبەری حەوت هەزار و ٤٠٠ دۆنم وەک 'ناوچەی مەشقی سوپای ئیسرائیل' ناوزەند کرا، سوپای ئیسرائیل هەوڵ دەدات فەڵەستینیەکان لە ناوچەی مسافر يطا دەربکات کە ساڵانێکە هەوڵ و تەقەلای ئەوەیەتی، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دانیشتوانی ناوچەکە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر بە ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویچیان راگەیاندووە کە راگەیاندنی ناوچەکە بە ناوچەی مەشقی سەربازیی تەنیا بەهانەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەڵەستین.

رێکخەری کاروباری مرۆیی فەڵەستینییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لین هاستینگس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد ئەو بڕیارەی ئیسرائیل کاریگەری کردووەتە سەر زیاتر لە هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کە ٥٠٠یان منداڵن و دەبێتە هۆی دەربەدەر بوونیان.

هاستینگس ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر پرۆسەی راگواستنەکە بەجێبگەیەندرێت ئەوا بە واتای گواستنەوەی زۆرە ملێ دێت کە پێشێلکاری دەبێت بەرامبەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و یاسای نێودەوڵەتیی.