پەرلەمانی لیتوانیا وەک "کۆمەڵکوژی" دانی نا بە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا
دیجیتال میدیای سپێده
پەرلەمانی لیتوانیا بەکۆی 128 دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد كه دانی نا بە "کۆمەڵکوژی" رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا.
رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی لیتوانیا "LRT" بڵاوی کردەوە، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەکۆی 128 دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد کە ئاماژە بەوە دەدات هێزە سەربازییەکانی رووسیا و سەربازە بەکرێگیراوەکان لە ئۆکراینا بە تایبەت لە بوچا، ماریۆپول، بۆرۆدیانکا و هۆستمۆڵ "تاوانی جەنگی بەکۆمەڵ"یان ئەنجام داوە.
لە بڕیارەکەدا ئەو جەنگە بەرفراوانەی هێزەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیان پێ کردووە وەک "کۆمەڵکوژی" بەرامبەر گەلی ئۆکرانیا دانی پیادا نراوە.
لە بڕیارەکەدا بە پێویست زاندراوە بەمەبەستی سزادانی تەواوی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دادگای سزای نێودەوڵەتی تایبەت پێک بهێندرێت و تیایدا هاتووە "رووسیا کە هێزە سەربازییەکانی بە ئەنقەست و بەشێوەیەکی سیستەماتیک مەدەنییەکان بە ئامانج دەگرێت، دەوڵەتێکە پشتیوانی لە تیرۆر دەکات و تیرۆر دەگرێتە بەر".