ئەڵمانیا: "رووسیا هەناردەکردنی وزە وەک چەکێک بەکار دەهێنێت"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری ئابووری و پاراستنی کەشوهەوای ئەڵمانیا، رووسیای بە هەناردەکردنی وزە "وەک چەکێک" تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ مۆسکۆ سزای خستە سەر کۆمپانیاکانی وزەی وڵاتانی خۆرئاوا.
رۆبەرت هابێک وەزیری ئابووری و پاراستنی کەشوهەوای ئەڵمانیا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەرلین رایگەیاند، هاوپشکی کۆمپانیای وزەی رووسیا گازپرۆم لە ئەڵمانیا Gazprom Germania، وەرگرتنی گازی لە رووسیا لە رۆژێکدا نزیکەی ١٠ ملیۆن مەتر سێجا کەم کردووەتەوە و ئەوانیش دەتوانن کەمیی ئەو پێداویستییە لە شوێنی دیکە پڕ بکەنەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ رووسیا بڵاوی كردهوه، سزایان بەسەر کۆمپانیاکانی وزەی وڵاتانی خۆرئاوادا سەپاندووە و دوو رۆژە لەسەریەک گازی رووسیا بە رێگای ئۆکراینادا بەڕێژەی کەم رەوانەی ئەورووپا دەکرێت، هابێک رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە هەناردەکردنی وزە "وەک چەکێک" بەکار دەهێنێت، گوتی: "دۆخەکە بە جۆرێک تەشەنە دەستێنێت، کە وای لێ دێت لە زۆر بواردا وزە وەک چەک بەکاربهێندرێت".
وەزیری ئابووری و پاراستنی کەشوهەوای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش دا کە لە میانی ئامادەکارییەکاندا بۆ زستان وڵاتەکەی سەرنجی خستووەتە سەر پڕکردنی عەمبارەکانی گازی سرووشتی و ئاستی پڕبوونی عەمبارەکانی گازی سرووشتیش بۆ لە سەدا ٤٠ نزیک بووەتەوە.