هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆشکی سپی: "ئامادەین هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوژرانی پەیامنێرەکەی جەزیرە بکەین"

کۆشکی سپی:
کۆشکی سپی: "ئامادەین هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوژرانی پەیامنێرەکەی جەزیرە بکەین"

2022-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

گوتەبێژی کۆشکی سپی : " پێویستە لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بارەی کوژرانی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە بە شێوەیەکی "قوڵ و شەفاف" بەڕێوەبچن".

گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، باسی لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوژرانی شیرین ئەبو عاقلە، کرد و ڕایگه‌یاند ئەوەی، پێویستە لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین لە بارەی کوژرانی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە بە شێوەیەکی "قوڵ و شەفاف" بەڕێوەبچن، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا ئامادەیە هاوکاری پێویستی ئەو لێکۆڵینەوانە بکات.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەش دا کە چ فەڵەستین و چ ئیسرائیل، لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و گوتیشی: "داوا لە هەردوو لا دەکەین بە شێوەیەکی قوڵ و شەفاف لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدەن و بەڵگەی شایستە بخەنەڕوو. ئەمریکاش ئامادەیە هەموو هاوکارییەکیان بکات".

جێن ساکی، لە درێژەی گوتەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر پێشنیاز بکرێت ئەمریکا خۆشی لێکۆڵینەوە لە بارەی کوژرانی ئەبو عاقلەوە ئەنجام بدات ئەوا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پێشنیازە دەکەن.

خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە میانی رووماڵکردنی هەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو، بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل گیانی لەدەست دا.

تۆڕی ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە ناوبراو بە گولـلەی چەکدارانی فەڵەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە رەتکراوەتەوە.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو.