عێراق بە بەھای 3,3 ملیار دۆلار بەروبوومە نەوتییەکانی ھاوردە کردووە
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت لە عێراق (SOMO) رایگەیاند کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا، بە بەھای سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەروبوومە نەوتییەکانیان ھاوردە کردووە.
کۆمپانیای (SOMO) لە ئامارێکدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، یەک ملیۆن و ٧٣ ھەزار تۆن گازاویل ھاوردەی عێراق کراوە کە بەھاکەی ٦٥٧ ملیۆن و ٤٤٠ ھەزار دۆلار بوو.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە ساڵی رابردوودا، سێ ملیۆن و ٤٧٥ ھەزار تۆن بەنزین ھاوردە کراوە کە بەھاکەی گەیشتبووە، دوو ملیار و ٥٤٣ ملیۆن دۆلار و باسی لەوەیش کردووە کە ھەر لە ساڵی رابردوودا، ١٦٤ ھەزار تۆن نەوتی سپی ھاوردە کراوە و بەھاکەی ١٠٢ ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار دۆلار بوو.
راشیگەیاندووە "تێکڕای بڕی ھاوردەکراو لە بەروبوومە نەوتییەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا، گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٧١٢ ھەزار تۆن کە کۆی گشتیی بەھاکەی سێ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە".
عێراق بەروبوومە نەوتییەکان لە دەرەوە ھاوردە دەکات، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی کە ژێرخانەکانی تایبەت بە پاڵاوتنی نەوت کە لە ئەنجامی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی چەندین دەیەی رابردوودا، لاواز بووە و ئەمەیش وێرای ئەوەی عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢ لەسەدا، پشت بە داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.