هەواڵی کوردستان ئێستا

ژاپۆن 13 ملیار یەن وەک قەرز دەدات بە ئۆکرانیا

ژاپۆن 13 ملیار یەن وەک قەرز دەدات بە ئۆکرانیا
ژاپۆن 13 ملیار یەن وەک قەرز دەدات بە ئۆکرانیا

2022-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ئاکامی هێرشی رووسیا دووچاری ئۆکرانیا بووەتەوە، ژاپۆن و ئۆکرانیا واژوویان لەسەر رێککەوتنێکی پێدانی قەرز بە بەهای 13 ملیار یەن (100 ملیۆن دۆلار) کرد.

حکوومەتی ژاپۆن بەردەوامە لە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا کە هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئەو وڵاتە بەردەوامن.

لەو میانەیەدا سەرۆکی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (JICA)، ئاکیهیکۆ تاناکا و وەزیری دارایی ئۆکراینا، سێرگی مارچەنکۆ لە رێگای ئۆنلاینەوە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، واژوو لەسەر رێککەوتنێکی پێدانی قەرز بە بەهای 13 ملیار یەن کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاکیهیکۆ تاناکا ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی هێرشەکانەوە بە "گەورەترین تەحەدا کە رووبەڕووی سیستەمی نێودەوڵەتیی بووەتەوە لەو سەدەیە" لەقەڵەم دا.

سێرگی مارچەنکۆ سوپاسی حکوومەتی ژاپۆنی کرد بۆ رێککەوتنەکە و گوتی: "زۆربەی ئۆکراینییەکان تەنها لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتەکەیان نا، بەڵکو لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئەورووپاشدا خەبات دەکەن".

ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو قەرزە "بۆ مەبەستی سەربازیی بەکار ناهێندرێت و راستەخۆ دەخرێتە سەر بوودجەی حکوومەتی ئۆکراینا".