رووسیا لەناوبردنی ئەو چەکانەی کە ئەمریکا و ئەورووپا رەوانەی ئۆکراینایان کردبوو راگەیاند
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند كه لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ناوچەی لڤیڤ رۆژئاوای ئۆکراینا ئەو چەک و ئامێرانەیانەی لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە رەوانەی ئو وڵاتە کرابوون و ئامادەکرابوون رەوانەی ناوچەی دۆنباس رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بکرێن لەگەڵ سەربازانی یەدەگی ئۆکراینا بە مووشەکی هەستیار لە جۆری کالیبەر لەناوبران.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا زانیاری دا سەبارەت بە چالاکی سەربازانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.
کۆناشینکۆڤ باسی لەوە کرد کە مووشەکی هەستیاریان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئۆکراینا و رایگەیاند 'بە مووشەکی دوور مەودای زۆر هەستیاری "کالیبەر" کە لە دەریاوە ئاراستە کرا لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ستاریچی لە ناوچەی لڤیڤ ئەو چەک و ئامێرانەی کە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە رەوانەی ئۆکراینا کرابوون و ئامادەکرابوون رەوانەی دۆنباس بکرێن لەگەڵ سەربازانی یەدەگی ئۆکراینا لەناوبران'.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوەیش کرد کە بەو مووشەکە هەستیارە دوور مەودایانەی لە ئاسمان و زەمینەوە ئاراستەیان کردوون لە شارەکانی دیسنا و سومی سەربە ناوچەی چیرنیهیڤ هێزی یەدەگی سوپای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها باسی لەوە کرد کە بە مووشەکی زۆر هەستیار لە ئاسمانەوە دوو ناوەندی فەرمان و پەیوەندیکردن، ٣٠مین یەکەی لیوای میکانیکی و ژمارەیەک کۆگا و شوێن لە ناوچەی دۆنێتسک کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٧٠ سەربازی ئۆکرانیا لە چالاکی خراون.
کۆناشێنکۆڤ باسی لەوەیش کرد کە یەکەکانی مووشەکهاوێژ و تۆپھاوێژ، ٢٢٤ ئامانجی سەربازییان لە ناوچەکانی خارکیڤ و دۆنێتسک بۆردومان کردووە و ٢٣ فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی سوپای ئۆکراینا خراونەتەخوارەوە.
گوتیشی: "تا ئەمڕۆ ١٦٨ فڕۆکە، ١٢٥ هێلیکۆپتەر، ٩١٢ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣٠٩ سیستمی بەرگریی مووشەکی ئاسمانیی، سێ ھەزار و ١٣٤ تانک و زریپۆش، ٣٨٥ مووشەکهاوێژ، هەزار و ٥٤٢ تۆپهاوێژ و هاوەن، دوو هەزار و ٩٨٣ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە کەتیبەی ئازۆڤ و سەربازانی ئۆکراینا لە کارگەی ئازۆڤستال دەستیان کردووە بە خۆبەدەستەوەدان و ٢٦٥ سەرباز لەنێویاندا، ٥١ برینداری سەخت چەکەکانیان داناوە.
کۆناشینکۆڤ هەروەها باسی لەوە کرد کە بریندارەکان بەمەبەستی چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانەی ناوچەی دۆنێتسک کراون.