یادى بیست ساڵەى نەورۆزى ئەنقەرەو شانازیەکى مێژوویى
سەفین موحسین دزەیى
لەساڵانى نۆهەتەکان بەهۆى بارودۆخى تورکیا ئاهەنگى نەورۆز بەشێوەیەکى سنووردار و زۆر بچوک بە ئامادەبوونى چەند دیپلۆمات و کەسایەتیەکى سیاسی کورد و میدیا لە ماڵى ئێمە ساز دەکرا.
بیست ساڵ لەمەبەر واتە ساڵى ٢٠٠٠ هەستمان کرد کە دەکرێت ئەو تەوقە بشکێنین و ئاهەنگى نەورۆز بە فەرمى ئەنجام بدەین. وەک رێگا خۆشکردنێت بۆ تورکیا کە بە ئاسایی و یاسایی رێگە بدات سازبدرێت. چونکە لەناوەندەکان و لەزۆر شوێنى باکوور بە نایاسایی لە روانگەى تورکیاوە ئاهەنگى نەورۆز دەگێڕدرا. ئەمەش دەبووە مایەى ئاڵۆزى و خوێنڕشتن و گرتن و راوەدوونان.
نوێنەرایەتى پارتى لە ئەنقەرە کارتى فەرمى بانگهێشتى ئاهەنگى نەورۆزى بۆ باڵیۆزخانە و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارو میدیاکارن رەوانە کردو بە فەرمى بانگهێشتى کردن بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگى نەورۆز، کە ئەمە دەسپێکى قۆناغێکى سەخت بوو.
لە ئێوارەى ٢٠/٣/٢٠٠٠ لە هوتێل شیراتۆن بە ئامادەبوونى چەند وەزیرێکى حکومەتى هەرێم و باڵیۆز و دیپۆماتکارانى چەندین وڵات و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران و میدیاکاران و کەسایەتى کۆمەڵایەتى کورد لە باکوور و ئاهەنگى نەورۆز سازکرا.
ئاهەنگەکە بە پێشوازى فەرمى لەلایەن نوێنەر و خێزانى و وەزیرانى هەرێم بە موزیکى کوردى دەستیپێکرد و پاشان ئێوارە خوانێک ئامادەکرا.
بەرپرسى نوێنەرایەتى پارتى ووتارێکى پێشکەشکردو گوتى نەورۆز سیمبولى ئازادى و سەفرازى گەلى کوردستان و گەلانى دیکەشە. پێویستە هەمووگەلان بە ئازادى و تەبایى و برایەتى بەیەکەوە بژین. فرە رەنگ و فرە ئایین و فرە زمان و فرە کەلتوور جوانى زیاتر بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. رێزگرتن لەم چەمکانە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات. بەمەش نزیکبوونەوەى زیاتر لەنێوان گەلان دروست دەبێت.
ئاهەنگەکە سێ کاتژمێرى خایاند و دواتر دیاریەک کە بریتى بوو لە کاسێتێکى موزیکى کوردى و نوسراوێک لەسەر دیرۆکى نەورۆز کە بە گوڵى نێرگز پێچرابوو پێشکەش بە تەواوى ئامادەبووان کرا.
ئەو ئاهەنگە لەلایەن زۆربەى میدیاکارانى تورکیا رووماڵکراو بۆ رۆژى دوایی بوو بە مانشێتى سەرەکى هەواڵەکان، هاوکات بووە مایەى بێزارى و توڕەیى و هەڵوێستى توندى نەژادپەرستەکان. وایلێهات ئەنجامدانى ئاهەنگى نەورۆز لە نوێنەرایەتى پارتى بۆ چەند رۆژێک بووە بابەتى سەرەکى گۆڕەپانى سیاسى تورکیا.
مەهەپە داوایکرد دەسبەجێ نوێنەرایەتى پارتى لە ئەنقەرە دابخرێت و نوێنەرایەتیش لە تورکیا نەمێنێت. گوتیان ئەو ئاهەنگە مایەى شەرمەزایە بۆ حکومەت و دەوڵەت و میلەتى تورکیا. چۆن دەبێت لە جەرگەى پایتەختى تورکیا ئاهەنگى نەورۆز سازبکرێت.
نوێنەرایەتى پارتى وەک دەوڵەتێکى خاوەن کیان و سەروەرى و وەک باڵیۆزخانە رەفتار دەکات و ئاهەنگى میللى دەگێڕێت. دەبێ وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ناڕەزایەتى خۆى دەبڕێت بەرامبەر دیپلۆماتکارى هەموو ئەو وڵاتانەى بەشداریان لەم ئاهەنگە کردووە. پەرلەمانتارانیش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
گوتیان بۆچى کە باڵێۆزخانەى قوبرسى تورکیا ئاهەنگى نەتەوەیى سازدەکات دیپلۆماتى بیانى پلە نزمیش بەشدارى ناکەن، کەچى بۆ ئاهەنگى نەورۆز کە پارتى سازى کردووە ژمارەیەکى زۆر باڵیۆزى وڵاتانى زلهێز بەشدارى دەکەن.
وەک گوتم ئەو بابەتە چەند رۆژێکى خایاند، هەردوو وەزارەتى ناوخۆو دەرەوەى تورکیا بێ ئاگایی خۆیان لە سازکردنى ئەو ئاهەنگە نیشاندا، لە کاتێکدا پێشتر نوێنەرایەتى بە فەرمى ئاگادارى وەزارەتى دەرەوەى کردبووەوە، هەر ئەوانیش ئاگادارى وەزارەتى ناوخۆیان کردبووەوە بۆ دابینکردنى پۆلیس و پاراستنى ئاسایشى ئەو شوێنەى ئاهەنگەکەى لێدەکرا وەک هەر ئاهەنگێکى فەرمى باڵیۆزخانەى وڵاتان.
نوێنەرایەتى پارتى بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوە کرا بۆ روونکردنەوە، داواى لێکرا لە کاتى دەرچوون لە وەزارەت لەبەردەم میدیاکان روونکردنەوە بدات کە ئەم ئاهەنگە تایبەتى بووەو فەرمى نەبووە. بە واتایەکى تر داواى لێبوردن بکرێت کە بوونەتە مایەى دروستکردنى ئاڵۆزى لەو وڵاتە.
ئێمە پێمان گوتن پێویست بەهیچ داواى لێبوردنێک ناکات. ئەگەر دەخوازن نوێنەرایەتى دابخەن هەر ئەمڕۆ جێبەجێى دەکەین. ئاهەنگێک بوو کە بۆ سوودى تەبایى و یەکڕیزى بووە نە لەیەک ترازان.
لە کاتى دەرچوون لەبەردەم وەزارەتى دەرەوە بە دەیان میدیاکارو کەناڵى تەلەفزیۆنى ئامادەبوون، لەوێ هەڵوێستى خۆمان دەربڕى و گوتم رێز لە یاساکانى تورکیا دەگرین، بۆیە ئاهەنگەکە بە ئاگادارى لایەنە فەرمیەکان کراوەو نەورۆز ئاهەنگى تەبایى و برایەتى و ئاشتیە.
دواى چەند رۆژێک شاندێکى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى بەرەو ئەوروپا دەچوون و لە ئەنقەرە چەند دیدارێکیان هەبوو. لە هەر هەموو دیدارەکان بەڕێزیان پاڵپشتی تەواوى خۆى بۆ نوێنەر و نوێنەرایەتى دەربڕى و لایەنى تورکیاى ئاگادار کردەوە کە ئاساییە نوێنەرایەتى لە ئەنقەرەو دیاربەکر دابخەن. بەلام تورکیاش لە هەر شوێنێکى هەرێم نوێنەرایەتى هەیە دەبێ دایبخات و هەرێم بەجێ بێڵێ.
جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا پیاوێکى ژیر و بەدەسەڵات بوو. هەر زوو ئەو بابەتەى کۆنترۆڵ کرد و بارودۆخەکەى ئاسایى کردەوە.
بۆ ساڵى دواتر واتە ٢٠٠١ لەمەیدانى کزلاى لە ناوەڕاستى ئەنقەرە ئاگرى نەورۆز کرایەوەو تانسۆ چیلەر سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى تورکیا بەسەر ئاگرەکەدا بازى داو لەو ساوە نەورۆز بوو بە ئاهەنگێکى ئاسایى و ساڵانە یاد دەکرێتەوە. لە باکووریش بە سەدان هەزار کۆدەبنەوەو یادى نەورۆز پیرۆز دەکەن.
ئەمڕۆش دواى بیست ساڵ لەقۆناغ و بارودۆخێکى جیاوازتر دووبارە جەژنى نەورۆز لە گەلى کوردستان و تەواوى ئەو نەتەوانە پیرۆز دەکەم کە بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
*بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت