هەواڵی کوردستان ئێستا

جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا: ڤەنزوێلا هیوادارە ئەمەریکا سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات

جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا: ڤەنزوێلا هیوادارە ئەمەریکا سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات
جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا: ڤەنزوێلا هیوادارە ئەمەریکا سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات

2022-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا دێڵسی ڕۆدریگێز وتی حکومەتی وڵاتەکەی هیوادارە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمەریکاوە و گفتوگۆ سیاسییەکانیش کە بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکەنەوە، ڕێگەخۆشکەر بن لەبەردەم لابردنی سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکەدا.

ڕۆدریگێز وتیشی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئەمەریکا پلانی هەیە ڕێگە بە کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمەریکا بدات لەگەڵ حکومەتی ڤەنزوێلادا گفتوگۆ بکەن ، کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوە یاخود فراوانکردنی ئەرکەکانیانە لە ڤەنزوێلا.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا وتیان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن مۆڵەتی بە کۆمپانیای نەوتی شێڤرۆنی ئەمەریکی داوە دەست بکات بە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتەکەی مادورۆدا، بەشێوەیەکی کاتی قەدەغەکردنی ئەو جۆرە گفتوگۆیانە لەگەڵ ڤەنزوێلادا لادەبات.

کۆمەڵێک سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وت واشنتن کۆتا بڕیاری خۆی نەداوە لەسەر نوێکردنەوەی مۆڵەتی سنوورداری ئێستای کارکردنی کۆمپانیای شێڤرۆن لە ڤەنزوێلا. شێڤرۆن دوایین کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایە کە هێشتا لە ڤەنزوێلا مابێتەوە، ڤەنزوێلا گەورەترین یەدەگی نەوتی خاوی هەیە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئەمەریکا بەنیازە ئێرک مالپیکای بەرپرسی پێشووی کۆمپانیای نەوتی PDVSA ی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆرێسی خوشکەزای خانمی یەکەمی ڤەنزوێلا لە لیستی سزاکان لاببات.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەم هەنگاوانە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلادا گیراونەتەبەر.

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەشەوە وتیان سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ داوای لە ئەمەریکا کردووە لە گفتوگۆکانی کاراکاسدا سزاکانی سەر وڵاتەکەی لاببات. ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا وتی داوای نەکردووە هیچ بەرپرسێکی ڤەنزوێلا لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادا لاببرێن. کۆشکی سپیش هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز