هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوویە لە بەغدا کۆدەبنەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوویە لە بەغدا کۆدەبنەوە
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوویە لە بەغدا کۆدەبنەوە

2022-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران، جەواد کەریمی قودوسی رایگەیاند لەم نزیکانە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە بەغدا پایتەختی عێراق لەگەڵ ھاوتا سعوودییەکەی، فەیسەڵ بن فەرحان کۆدەبێتەوە.

جەواد کەریمی قودوسی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نیمچە فەرمیی ھەواڵی فارس ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز کە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١وە دەستی پێکردووە، گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی.

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران گوتی: "لە داھاتوویەکی نزیکدا لە بەغدا پایتەختی عێراق کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیری دەرەوەمان، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان بەڕێوەدەچێـت. لە میانی کۆبوونەوەکەدا جگە لە پرسە دوو قۆڵییەکان، کردنەوەی باڵیۆزخانەکان، قەیرانی یەمەن و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت".

پەرلەمانتارەکەی ئێران ھیچ زانیارییەکی لەبارەی رێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرد.

سعوودیە لە ٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ، ٤٧ کەسی بە تۆمەتی تیرۆر کە پیاوی ئایینی شیعی نەمر ئەلنەمر-یش لە نێویاندابوو لەسێدارەدا.

لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی چەند بەرپرسێکی ئێرانی لە بەرامبەر لەسێدارەدانەکان خۆپیشاندەران ھەڵیانکوتابوویە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشھەد و ئاگریان لە باڵەخانەکان بەردابوو.

بەھۆی قەیرانی یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد پەیوەندییە دیپلۆماسییە گرژەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە تەواوەتی بچڕا.

بەرپرسانی ئێران وسعوودیە، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ لە بەغدا کۆبوونەوە و دواتر کۆبوونەوەکان بە نێوەندگیریی عێراق بەردەوام بوو.