ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ههولێر-KDP.info- نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک بڵاودەكاتەوە تێیدا بە ناوی بەڕێز سەرۆکی حکومەتەوە داوا لە گشت لایەنەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات دۆخەکە هێوربکەنەوە و پەرە بە موزایەدات و گرژیی سیاسی نەدەن.
لە نووسینێکدا کە بە ناوی سەرچاوەیەک لە دەزگای زانیارییەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە وەرگرتنی بەرتیلێک بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار ( دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار) لە کۆمپانیایەکی نەوتی کراوە. لە میانەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمدا ڕێوشوێنی توندمان بەرامبەر بە بابەتی بەرتیل دان و بەرتیل وەرگرتن گرتووەتەبەر، بۆیە داواکارین هەرچی زووە داواکاری گشتی رێکاری پێویست بگرێتە بەر و ئەو لایەنەی کە بانگەشە دەکات بەڵگەی لایە با زانیاری و بەڵگەکان بخاتە بەردەم داواکاری گشتی. ئەگەرنا با بەرپرسیار بن لەبەرامبەر تۆمەتبەخشینەکانیان.
هەر لێرەدا بە ناوی بەرێز سەرۆکی حکومەتەوە داوا لە گشت لایەنەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین دۆخەکە هێوربکەنەوە و پەرە بە موزایەدات و گرژیی سیاسی لە هەرێمدا نەدەن و با هەموو تواناکانمان یەکخەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و خزمەتی گەل و نیشتمانمان.
نووسینگەی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/20