تورکیا و ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پەیامی پێکەوە کارکردنیان دووپات کردەوە
دیجیتال میدیای سپێده
تورکیا و ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە پێکەوە کار دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە جیۆپۆلەتیکییانەی لەئێستادا روودەدەن.
دوای کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە تیایدا هاتووە "تورکیا و ئەمریکا، سوورن لەسەر ئەوەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە جیۆپۆلەتیکییانەی لەئێستادا رووبەڕووی هەردوو وڵات بوونەتەوە، بەیەکەوە کار بکەن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە چاوشئۆغڵو و بلینکن بۆ دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی بەهێزی نێوان تورکیا و ئەمریکا وەک دوو ئەندامی ناتۆ لە چوارچێوەی میکانیزمی ستراتیجیی تورکیا-ئەمریکا لە شاری نیویۆرک کۆبوونەوە و هاتووە "تورکیا و ئەمریکا، سوورن لەسەر ئەوەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە جیۆپۆلەتیکییانەی لەئێستادا رووبەڕووی هەردوو وڵات بوونەتەوە بەیەکەوە کار بکەن. وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا، ئامانجیانە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی میکانیزمی ستراتیجیی تورکیا-ئەمریکا، بەشێوەیەکی روون و بنیاتنەرانە لەڕێی دیالۆگەوە گەشە بکات".
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هەردوو وەزیر لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە زیادکردنی هەماهەنگییەکانیان لە پرسەکانی بەرگریی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایشی وزە و خۆراک، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا کردووە، هاوڕاش بوون لەسەر چڕکردنەوەی راوێژکارییەکان لە بارەی پرسە هەرێمییەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردوو وەزیر جارێکی دیکە جەختیان لە پشتیوانیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی ئۆکراینا کردەوە. لەم چوارچێوەیەشدا ئومێدی تورکیا و ئەمریکایان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە، دووپات کردەوە".