حکومەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانگەیەكی نوێ لە ڕاپەڕین دەكاتەوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی بەشی نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل و چەند بەشێکی دیکە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین.
خۆشناو حەسەن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی ڕاپەڕین ئەمڕۆ دووشەممە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند دوای داواکاریمان حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەند بوو لەسەر کردنەوەی چەند بەشێکی گرنگ لەناو بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ڕاپەڕین لە بەرژەوەندیی شوفێران و ھاووڵاتیان.
گوتیشی ناوەڕۆکی بڕیارەکە بەستنەوەی ھاتوچۆی راپەرینە بە ھاتوچۆی سلێمانی کە بە ھۆیەوە ڕاستەوخۆ لەناو بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ڕاپەڕین مامەڵەکانی گواستنەوەی خاوەنداریەتی، نوێکردنەوەی ساڵانە، زانین و وەرگرتنی غەرامەی شوفێران ئەنجام دەدرێت، کە پێشتر دەبوایە لە سلێمانی و ھەولێر بكرێ.
خۆشناو حەسەن ڕوونیشی کردەوە کە لە ئێستەدا کاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستی پێکردووە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا تەواوی ئەو بەشانە دەست بە کاری تایبەتی خۆیان دەکەن.