ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دروستی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی لە نەورۆزی ئەمساڵ
عەبدولخالق محەمەد
بۆ ئەوکات سەخت و دژوار بوو، لەناو جەرگەى ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا بە فەرمى ئاهەنگى نەورۆز بە جل و بەرگى کوردى و موزیکى کوردى سازبکەى و میوانانیش بریتى بن لە باڵیۆزو دیپلۆماتکارو پەرلەمانتارو کەسایەتى پایەبەرزو میدیاکاران.
بیست ساڵ لەمەوبەر نوێنەرایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ئەنقەرە بەم کارە هەڵسا، کە ئەو کات سەفین دزەیى نوێنەرى پارتى بوو لە تورکیا. ئەو لە ووتارى بەخێر هێنان گوتى نەورۆز سیمبولى ئازادى و سەفرازى و گەلى کوردستان و گەلانى دیکەشە. پێویستە هەموو گەلان بە ئازادى و تەبایى و برایەتى بەیەکەوە بژین. فرە رەنگ و فرە ئایین و فرە زمان وفرە کەلتوور، جوانى زیاتر بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. رێزگرتن لەم چەمکانە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات. بەمەش نزیکبوونەوەى زیاتر لەنێوان گەلان دروست دەبێت.
بە داخەوە هەندێ لە بەرپرسانى ئەوکاتى تورکیا لەم پایەمە نەگەیشتن. چونکە هەمیشە سیاسەتى ئینکارى نەتەوەى کوردیان پەیڕەو دەکرد، بۆیە لە بەرامبەردا کۆمەڵێ ئاستەنگ و کێشەیان بۆ نوێنەرایەتى دروستکردو خەریک بوو بە جارێک دایبخەن.
ئەمڕۆ جیهانبینى و کرانەوەو پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانى و کەلتووریەکان و پێگەى بەهێزى هەرێمى کوردستان و سیاسەتى دروستى حکومەتى هەرێم بۆ بونیاتنان و دروستکردنى پەیوەندى لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەرى و هاندانى پەیوەندى کەلتوورى لە نێوان گەل و نەتەوەکانى تر لەگەڵ گەلى کوردستان وایکردووە زۆربەى وڵاتان دەرگا بەڕووى هەرێمى کوردستاندا بکەنەوەو پەیوەندییەکانیان بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەوتوو.
تا ئێستا ٣٦ وڵات نوێنەرایەتى و نێردەى دیبلۆماسیان بە ئاستى جیاجیا لە هەرێمى کوردستان هەیە وێڕاى نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین ئاژانس و رێکخراوى نێودەوڵەتى. ئەوەى دەمەوێ لێرەدا ئاماژەى پێبکەم پەیامى پیرۆزبایى نێردەى وڵاتانە لە هەرێمى کوردستان بە بۆنەى جەژنى نەورۆزى ئەمساڵ لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەى ئەمڕۆ حکومەتى تورکیا هەیەتى بەبەراورد لەگەڵ بیست ساڵ لەمەوبەر.
کونسوڵى گشتى کۆمارى چیک بە زمانى کوردى و جل و بەرگى کوردى گوتى کۆمارى چیک پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە، پشتگیرى بەرەپێشچوونى هەرێم دەکات لە بوارى پەروەردەو تەندروستى و بوارە جیاجیاکان، سەرەڕاى ڤایرۆسى کۆڕۆنا هیواى ساڵێکى نوێى تەندروست و گەشاوە بۆ گەلى کورد و هەموو خەڵکى هەرێمى کوردستان دەخوازم، جەژنى نەورۆزتان پیرۆزبێت.
بەرپرسى نووسینگەى باڵیۆزخانەى کەنەدا لە هەرێمى کوردستان دەڵێ: نەورۆز وسەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆزە. هاوکات باڵیۆزی بەریتانیا ستیفن هیکی بە ناوی گەلی بەریتانیاوە پیرۆزبایی نەورۆز لە گەلی کورد دەکات. كۆنسوڵگهری گشتی كۆماری چینی میللی جهژنی نهورۆز له ههموو لایهك پیرۆز دهكات، به هیوای ئهوهی ئهم نهورۆزه ببێته مایهی خۆشی و لهش ساغی بۆ خۆتان و خانهوادهكانتان.
لە پەیامێکدا کونسوڵى گشتى یۆنان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز دەڵێ، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هاووڵاتیانی كوردستانی خۆشەویست دەكەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی شادی و لەشساغی بۆ هەمووان.
لە وڵاتانى عەربیش کۆنسوڵی گشتیی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو گوتى، "خۆشحاڵین کە بە ناوی خۆمان و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتووەوە پیرۆزبایی لە گەل و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکەین بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی". هەروا دەڵێ"داواکارین لە خودا ئەم بۆنە ئازیزە بە بەرەکەت و بەردەوامی خۆشی و دەستکەوتەکان کورد بگێڕیت. خودا هەرێمی کوردستان بپارێزێت".
وڵاتى ئیتاڵیا کە لە نێو کارەساتێکى خەمناکى مرۆییدایە بەهۆى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، کونسوڵى وڵاتەکەیان لە هەرێم گوتى: ئەم نەورۆزە ئاسایی نییە بەهۆى ئەم پەتایە، هیوادارم ساڵى نوێ ببێتە مایەى گەشانەوەو تەندروستى. لە جێى ئاهەنگ و شایی لەساڵانى رابردوو لەم کاتەدا باشترە ئەمڕۆ بە ئارامی دانیشن. هاوکات کونسوڵگەرى گشتى ئەڵمانیا لە هەرێم بەبۆنەى جەژنى نەورۆز وێڕاى پیرۆزبایى هیواى خۆشى و بەختەوەرى بۆ گەلەکەمان دەخوازێت.
کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێم بە جلى کوردى و لە کورتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێ دەمەوێ پیرۆزبایى نەورۆز لە یەکە یەکەتان بکەم. کاتى بیرکردنەوەو نوێبوونەوەو خۆڕاگرى. هەروەک گەلى کورد چۆن لە رابردوودا چەندین ئاستەنگیان تێپەڕاند، دڵنیام بە یەکەوە خۆڕاگر دەبین بۆ تێپەڕاندنى ئەو ئاستەنگانەى کە ڤایرۆسى کۆڕۆنا هێناویەتیە پێش. هیواى بەختەوەرى و تەندروستى باشتان بۆ دەخوازم نەورۆزتان پیرۆز.
کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێم دەڵێ بۆ زۆربەمان نەورۆزى ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە نیگەرانین. نەورۆز هێماى لەدایکبوون و چۆنیەتى سەرکەوتنە بەسەر ئاستەنگەکان. بەهیوام نەورۆز ئاشتى و تەندروستى لەگەڵ خۆى بێنێ. هۆڵەندا ساڵى نوێى کوردیتان لێ پیرۆزدەکات و جەژنى نەورۆزتان پیرۆز. هاوکات کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەرێم دەڵێ: ھیوای تەندروستی و بەختەوەری دەخوازم بۆ ھەموو ئەوانەی کە لە کوردستان و سەرتاسەری جیھان جەژنی نەورۆز دەکەنەوە.
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عیراق پەیامێكی ئاراستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراق كردووە و دەڵێت "نەورۆز كاتی نوێبونەوە و ئاهەنگگێڕانی مێژوو و ناسنامەیە بۆ كوردەكان و چەندین گەلی دیكە لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەمساڵیش لە ساتەوەختێكی تایبەت بە تەحەدییەكان دێتەوە".
سەبارەت بە کۆمارى تورکیا، ئەمساڵ لەسەر زارى کەسى یەکەمى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان هەمان ئەو دەستەواژەو چەمکانە بە بۆنەى جەژنى نەتەوەیى کورد جەژنى نەورۆز دووبارە دەبنەوە کە بیست ساڵ لەمەوبەر لە تورکیا قەدەغە بوو سزاکەشى توند بوو. ئەوکاتەى بەڕێز سەفین دزەیى لە ئەنقەرە گوتى نەورۆز سیمبولى ئازادى و سەفرازى گەلى کوردستان و گەلانى دیکەشە. پێویستە هەموو گەلان بە ئازادى و تەبایى و برایەتى بەیەکەوە بژین، لە تورکیا زۆر نامۆ بوو. بەڵام ئەمڕۆ سەرۆک کۆمارى تورکیا لە پەیامێکدا بە بۆنەى نەورۆز دەڵێ: نەورۆز هێمای هیوا و برایەتی و پێکەوەژیانە و نهریتی ئێمە دوورکەوتنەوەیە لە رەگەزپەرستی و پشت بەستنە بە یەکێتی و پێکەوەژیان.