"زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دھۆک قەرەبوو دەکرێنەوە"
دهۆک-KDP.info - دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەھۆی لافاوەوە زیانی ماددیی زۆر بەر ھاووڵاتیانی دھۆک کەوت، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دھۆک قەرەبوو بکرێنەوە و ئەمڕۆش یەک ملیار دیناری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە دھۆک.
پارێزگای دھۆک لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٢٢-٣-٢٠٢٠)، فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە شاری دھۆک بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی زیانەکانی لافاوەکەی دھۆک بێت و بڕی یەک ملیار دیناریشی وەک ھاوکاریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیاندە دھۆک."
جەھوەر عەلی، قایمقامی قەزای دھۆکیش ئاشکرای کرد: "لەگەڵ بارینی بارانێکی زۆر لافاو چەند ناوچەیەکی پارێزگای دھۆکی گرتەوە و بەو ھۆیەوە لە یەکێک لە گەڕەکانی نێو سەنتەری شاری دھۆک زیانی ماددی زۆری بە ھاووڵاتیان گەیشت."
قایمقامی دھۆک گوتیشی: "دەزگا پەیوەندیدارەکانی دھۆک ئاماری زیانەکانی لافاوەکەیان تۆمار کردووە و بڕیارە زیانلێکەوتووان لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو بکرێنەوە."
بەھۆی لافاوەکەی دھۆکەوە شوێنێکی گلدانەوەی ئاو لە نزیک گەڕەکی بەڕۆژکێی دھۆک تەقی و بەو ھۆیەوە دەیان ئۆتۆمبێل و ماڵ ژێر ئاو کەوتن، ھەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار دینار و سەرۆکی حکوومەت دوو ملیار دیناریان بۆ زیانەکانی لافاوەکە خەرج کرد."
قائید میرۆ