هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی شارەوانی زەوی بۆ چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دابین دەکات

وەزارەتی شارەوانی زەوی بۆ چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دابین دەکات
وەزارەتی شارەوانی زەوی بۆ چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دابین دەکات

2020-03-22 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info-  گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی زه‌ویی بۆ دروستكردنی پێنج نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به ‌كۆرۆنا دابین كردووه‌ .

كوردۆ شابان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی دروستکردنی لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە سەرپەرشتیی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاپەڕاندنی کارەکان لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکانەوە، بەردەوامە لە ڕزگارکردنی هاووڵاتیان. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەپاڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و ناخۆ و وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکانی تر، بە بەردەوامی گەیاندنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵەکان کە باشترین جۆری کلۆر و شەب بەکار دێت و بە چەندان فلتەری جیاوازی خاوێنکردنەوە دەڕوات، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری تیمەکانی ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی ژینگەی شار و شارۆچکەکان لەم کاتەدا بە خاوێنی بمێنێتەوە و هەڵگرتنەوەی خاشاکی ماڵان وەک ڕۆژانی ئاسایی و بەردەوامیدان بە خزمەتی پارکی ناو شار و شارۆچکەکان، ئەگەر ئەم ماوەیە خزمەت نەکرێن، ڕەنگە وشک ببن و زیانی زۆریان پێ بکەوێت."

كوردۆ شابان گوتیشی: "تیمەکانی شارەوانی بێ پشوودان لە خزمەتی هاووڵاتیانن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لە هەموو شار و شارۆچکەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پێوەندیدارەکان، بەردەوام خەریکی دەرمانڕێژکردنی تەواوی بازاڕ و گەڕەکەکانن، کە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ کوشتنی هەر جۆرە ڤایرۆسێک، ئەگەر گەیشتبێتە ناو بازاڕ و شەقامەکان."

ڕوونیشی كرده‌وه: "جیا لەوانە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانییەوە تا ئێستا زەویی بۆ چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دابین کردووە، وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدرێ:

- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 70 قه‌ره‌وێڵه‌یی لە شاری هەولێر.

-  دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 64 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌.

- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 70 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شاری كه‌لار.

- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 20 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی پێنجوێن.

- دابینکردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەکی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌.

له‌ كۆتاییدا گوتی: "وێڕای ئامادەباشیی تیمەکانی شارەوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەهۆی بارانی زۆری ڕۆژانی ڕابردوو، شارەوانییەکان بۆ نەهێشتنی دروستبوونی لافاو و گەیشتنی زیان بە هاووڵاتیان، بەردەوام خەریکی چارەسەرکردنی هەر گرفتێکن لە هەرشوێنێک دروست بووبێت."

ڵند ئیبراهیم