نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ وەزیرى بەرگریى ئیتالیا کۆبووەوە
هەولێر-KDP.info- سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى جەختى کردەوە کە سەرهەڵدانەوەى تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە مەترسییەکى ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایشى جیهانیش دەکات، بۆیە بەردەوامیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو هەڕەشەیە بە ئەرک و پێویست زانى.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز لۆرێنزۆ گوێرینى، وەزیرى بەرگریى ئیتالیا و شاندێکی یاوهری، ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2019 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئیتالیاى کرد بۆ ئەو هاوکارى و پشتگیرییە سەربازییانەى کاتى شەڕى داعش له چوارچێوهى هاوپهیمانیى نێودهوڵهتیدا پێشکەش بە هەرێمى کوردستانى کرد و ڕۆڵى پسپۆڕانى سەربازیى ئیتالى لە مەشقپێکردن و ڕاهێنانى پێشمەرگە بهرز نرخاند.
لاى خۆیەوە بەڕێز گوێرینى ڕێز و پێزانینى ئیتالیاى بۆ هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردەوە کە لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعشدا ڕۆڵیکى گەورەیان بینى و بەرگرییان لە هەموو پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان کرد، هەروەها بەردەوامیى پشتگیریى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە، نیشان دا.
له كۆبوونهوهكهدا که بهڕێزان جێگرانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان، وهزیرانی پێشمهرگه و ناوخۆ و ژمارهیهک له بهرپرسانی حکوومهتی ههرێمی کوردستان، باڵیۆزى ئیتالیا له عێراق و كونسولى ئیتالیا له ههولێر و ژمارهیهك له پلهداران و ڕاوێژكارانى ئیتالى ئامادهی بوون، هاریکارى و هەماهەنگیى ئەمنیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر، دوایین دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى وڵات، پێشهاتەکانى سووریا و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ كران.