منداڵێكى دیكه‌ى ونبووى هه‌ڵه‌بجه به كه‌سوكارى شادبووەوە
"74 خێزانى دیكه داواى 119 منداڵى ونبوو ده‌كه‌ن"
منداڵێكى دیكه‌ى ونبووى هه‌ڵه‌بجه به كه‌سوكارى شادبووەوە، به‌مه‌ش ژماره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى تا ئێستا دۆزراونه‌ته‌وه ده‌بێته 9 منداڵ و 74 خێزانیش ناویان تۆماركردووه و داواى 119 منداڵى دیكه ده‌كه‌ن.
لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانییانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه، به (باس‌نیوز) ى ڕاگه‌یاند "ئه‌مڕۆ 17/12/2019 له مه‌راسیمێكى تایبه‌تدا له مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه، یه‌كێكى دیكه له منداڵه ونبووه دۆزراوه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه بهكهسووكارهكهى شاد بووەوە".
گوتیشی: "منداڵه‌كه له 7/1/2019 له ژێرچاودێرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه و له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندى دادگاى هه‌ڵه‌بجه گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له‌ڕێگه‌ى دادگاوه ڕه‌وانه‌ى پزیشكى دادوه‌رى سلێمانى كراوه بۆ وه‌رگرتنى سامپڵى DNA بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌وانه‌ى زانكۆى شاهانه‌ى به‌ریتانیا بكرێت بۆ به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ سامپڵى ئه‌و خێزانانه‌ى منداڵیان ونبووه".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "هه‌مان ڕۆژ كه له‌كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه ده‌ركه‌وتبوو، یه‌كێك له خێزانه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه كه‌منداڵی ونبووبوو په‌یوه‌ندى بهئێمهوهكرد و كه‌به‌پێی لێكچوونهكانى منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانى دیكه‌ى و به‌پێی ته‌مه‌نه‌كه‌ى گه‌شتبوونه ئه‌و بڕوایه‌ى كه منداڵى ئه‌وانه، به‌ڵام ئێمه بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو دووبارهنهكهینهوه و نه‌كه‌وینه ژێركاریگه‌ریی عاتیفه‌وه هیچ ڕوونكردنهوهیهكمان بڵاونه‌كرده‌وه".
ڕوونیشیكرده‌وه "ئه‌و خێزانه دواى ماوه‌یه‌ك كه ئه‌نجامى پشكنینى زانكۆى شاهانه‌ى به‌ریتانیا دواكه‌وتبوو له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان سه‌ردانى وڵاتى ئێرانیان كردووه و له سه‌نته‌رى نوور سامپڵیان وه‌رگیراوه و به‌راورد كرابوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه ده‌ركه‌وتبوو منداڵى ئه‌وانه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى دادگا ڕه‌وانه‌ى نه‌كردبوون ئه‌نجامه‌كه قبوڵنه‌كرا و دووباره ڕه‌وانه‌ى كردنه‌وه بۆ به‌ڵگه‌ى تاوانى هه‌ولێر و له‌وێ پشكنینیان بۆ كرایه‌وه‌و و به‌پێی ئه‌نجامه‌كه و بڕیارى دادگا ده‌ركه‌ت منداڵى ئه‌وانه".
ئاشكرایكرد "منداڵه‌كه ناوه ئێرانییهكهى (محه‌مه‌د ئه‌مین) هو ناوه كوردستانییهكهى (خه‌لیل ساڵه‌ح)هو كاتى ونبوونى ته‌مه‌نى له‌نێوان 7 ـ 8 مانگ بووه و له ئێستادا ته‌مه‌نى 31 ساڵ و 7 مانگه و له‌وڵاتى ئێران ژیانى هاوسه‌رێتى پێكهێناوه".
ئه‌وه‌شی گوت "تائێستا 74 خێزانى هه‌ڵه‌بجه ناویان تۆماركردووه و داواكارییان پێشكه‌شكردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ى 119 منداڵى ونبوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا 9 منداڵ دۆزراونه‌ته‌وه و 8 منداڵى دیكه‌ش داواى پشكنینیان كردووه و گومان ده‌كه‌ن منداڵى هه‌ڵه‌بجه بن".