رژێمی ئەسەد بەشداری لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا ناکات
ئەوە راگەیەنرا کە رژێمی بەشار ئەسەد بەهۆی "نیگەرانییەکان سەبارەت بە بێلایەنی سویسرا" بەشداری لە نۆیەمین کۆبوونەوەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا ناکات کە بڕیار درابوو هەفتەی داهاتوو لە جنێڤ بەڕێوەبچێت.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا کە بڕیاربوو لە ٢٥ی تەمووز لە جنێڤ دەست پێ بکات سازناکرێن و نیگەرانییەکانی رژێمی ئەسەدی بەرامبەر بە "بێلایەنی سویسرا" دەربڕی.
گێیر ئۆتۆ پێدەرسن ئاماژەی بەوە دا کە "پێویستە پرۆسەی سیاسیی سووریا لە ناکۆکی نێوان لایەنەکانی دیکەی جیهان پارێزراو بێت".
ئاماژە بەوەش کراوە کە رژێمی ئەسەد بانگەشەی ئەوەی کردووە سویسرا کە میوانداری کۆبوونەوەکانی کردووە، دوای ئەوەی پەیوەندی بە کاروانی وڵاتانی ئەورووپاوە کردووە کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا سزایان بەسەر رووسیای هاوپەیمانەکەیدا سەپاندووە، ناتوانێت بە "بێلایەن" بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرحان حەق لێدوانێکی روونی نەدا سەبارەت بەوەی بۆچی ناتوانرێت کۆبوونەوەکان ئەنجامبدرێن، بەڵکو جەختی لەوە کردەوە کە "بێلایەنی سویسرایان دووپاتکردەوە کە میوانداری ئەو کارە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات".
فەرحان حەق داوای کرد "تا دەکرێت کۆبوونەوەکان سەبارەت بە سووریا لە گفتوگۆکانی دیکە جیا بکرێتەوە".
حکوومەتی فیدراڵیی سویسرا لە ٢٨ی شوباتی رابردوودا، بڕیاری دا هەمان سزای یەکێتیی ئەورووپا بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
له میانی ههشتهمین خولی كۆبوونهوهكانی لیژنەی نووسینەوەی دهستووری سووریا كه لهنێوان ٣٠ی ئایار بۆ سێی حوزهیران بهڕێوهچوو، نهتوانرا كۆدهنگی نێوان لایهنهكان بگهیهنرێت.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن لە راگەیەندراوەکەیدا کە لە ١٦ی تەمووزدا بڵاوی کردبووەوە ئاماژەی بەوە کردبوو کە کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەم لە کاتی خۆیدا بەڕێوە ناچێت.
گێیر ئۆتۆ پێدەرسن بە راکێشانی سەرنج بۆ گرنگی پاراستنی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا کە هێشتا ململانێکان بەردەوامە، داوای لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا کرد کە دیپلۆماسی بنیاتنەر بپارێزن. هیچ زانیارییەکیش نەدراوە کە کەی دانوستانەکانی خولی نۆیەم بەڕێوەدەچێت.