لە رۆژئاوای عێراق ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێ دۆزرانەوە
دیجیتال میدیای سپێده
پارێزگاری ئەنبار، عەلی فەرحان رایگەیاند، ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێ لە پارێزگاکە، دۆزراونەتەوە کە لای وەزارەتی نەتەوە تۆمار کراون.
عەلی فەرحان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق لەبارەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنبار ئاماژەی بەوەداوە کە حکوومەتی خۆجێی ئەنبار، کاری بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕان بە دوای نەوت لە پارێزگاکە کردووە و لەوچوارچێوەیەدا، ئاسایشی بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە پارێزگاکە کار دەکەن دابین کردووە و گوتی: "ئومێد دەکەین وەزارەتی نەوت ھەنگاوی زیاتر بنێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەکانی گەڕان بە دوای نەوتدا لە پارێزگای ئەنبار، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆریا بۆ گەڕان بە دوای نەوتدا لە ئەنبار ھەڵوەشێندراوەتەوە".
راشیگەیاند کە حکوومەتی خۆجێی ئەنبار بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکانی سعوودیە و ئەمریکا بەداواداچوون دەکات بۆ دۆسیەی گەڕان بە دوای نەوتدا و گوتی: "ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێ لە ناوچەکانی نخێب و سەرسار سەربە پارێزگای ئەنبار دۆزراونەتەو کە لای وەزارەتی نەتەوە تۆمار کراون.
پارێزگاری ئەنبار، عەلی فەرحان باسی لەوەش کردووە کە بڕێکی زۆر گاز لە پارێزگای ئەنبار ھەیە و گوتی: "ئومێد دەکەین، وەبەرھێنان لە سامانە سروشتییەکانی پارێزگای ئەنبار بکرێت، بۆ ئەوەی رەوشی ئابووریی و کارەبا لە پارێزگاکە باش بکرێت".