هەواڵی کوردستان ئێستا

کاردانەوەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر قەزای زاخۆ

کاردانەوەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر قەزای زاخۆ
کاردانەوەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر قەزای زاخۆ

2022-07-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممەی تورکیا لە هاوینە هەواری پەرەخێی سەر بە قەزای زاخۆ بڵاو کردەوە و دەڵێت " دووباره‌بوونه‌وه‌ى بۆمبباران و به‌رده‌واميى شه‌ڕ و پێكدادانى سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه له‌ سنووره‌كان‌، به‌ ته‌واوى ڕه‌تكراوه‌ و قبووڵنه‌كراوه‌ و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و سنوورى نێوده‌وڵه‌تيى عيراقى شێواندووه‌، هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ هۆى چۆڵكردنى سه‌تان گوند و دێهاتى ناوچه‌كه‌. " هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە "نه‌خۆشخانه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو يارمه‌تى و خزمه‌تگوزارييه‌كى پێويست پێشكه‌ش به‌ بريندار و به‌ركه‌وتووان ده‌كه‌ن".   ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا تۆپارانکردنی هاوینە هەواری پەرەخێ لە سنووری ئیدارەی زاخۆ شەرمەزار دەکات و وێڕای هاوخەمی دەربڕین بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکە دەڵێت " لەماوەی رابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی کاراتر ،ھەوڵی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن." حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت "پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی" .   ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا لە سەیرانگایەکی نزیک گوندی پەرەخێ لە ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەلایەنی کەم 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکە برینداربوون. بە گوێرەی زانیارییەکان سەرجەم قوربانییەکان گەشتیاربوون و لە بەغداوە سەردانی ناوچەکەیان کردبوو. تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی لە باکووری عێراق ئەنجام دەدات و بە بەشێک لە هەڵمەتێکی درێژخایەن لە عێراق و سوریا دژی چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە ناودێری دەکات کە ئانکەرە بە تیرۆرستیان دادەنێت و دەڵێت مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.