لە سعوودیە دەست بەسەر نزیكەی 15 ملیۆن حەبی هۆشبەردا گیرا
لە بەندەری جیددە لە سعوودیە دەست بەسەر نزیکەی ١٥ ملیۆن دەنکە حەبی جۆی کاپتاگۆن گیرا کە لەناو ئامێرێکی بەرهەمهێنانی بلۆکی کۆنکرێتدا شارابوونەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن فەرمانگەی زەکات و باج و گومرگی سعوودیەوە بڵاوکراوەتەوە، زانیاریی لەبارەی ئەو بڕە زۆرەی حەبە هۆشبەرە دراوە کە لە بەندەری جیددە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە کاتی پشکنینی بارێک لە بەندەری جیددە، دەست بەسەر ١٤ ملیۆن و ٩٧٦ هەزار حەبی کاپتاگۆن-دا گیراوە کە بە بە شێوەیەکی زیرەکانە لەناو ئامێری بەرهەمهێنانی بلۆکی کۆنکرێتدا شاردرابووەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە هاوکاری لەگەڵ فەرمانگەی زەکات و باج و گومرگ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، کەسێک کە وەرگری بارەکە بووە، لە سعوودیە دەستبەسەر کرا.
لە راگەیەندراوەکە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە رەگەزنامەی دەستبەسەرکراوەکە و شوێنی ناردنی ماددە هۆشبەرەکان نەدراوە.
لە ٢٣ی ئاداری رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە سعوودیە دەست بەسەر سێ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار حەبی ئەمفیتامین-دا گیرابوو کە لەناو لیمۆدا شارابووەوە. راگەیەندرابوو لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کەس کە یەکێکیان بەڕەگەز ئوردنی و ئەوی دیکەیان بەڕەگەز سوورییە، دەستبەسەر کراون.