رووسیا: چوار هەزار و 146 تانک و زرێپۆشمان لە ئۆکراینادا تێکشکاندووە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا چوار هەزار و ١٤٦ تانک و زرێپۆشیان لە ئۆکراینادا تێکشکاندووە.
کۆناشێنکۆڤ لە بارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا، نوێترین زانیاری خستەڕوو و ئەوەی ئاشکرا کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوەش کرد کە بە چەکی هەستیار، بۆردومانی بنکەی کاتی بەتالیۆنی ٤٠٦ی سوپای ئۆکراینایان کردووە لە نزیک شاری دنیپرۆ و لەو هێرشەدا نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ئۆکراینی کوژراون و نۆ تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکێندراون.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتیشی: "زیاتر لە ٦٠ ئەندامی گرووپی نەتەوەپەرستانی دۆنباس لە چالاکی خراون و نزیکەی نیوەی سەربازەکانی بەتالیۆنی ١٤ی سوپای ئۆکراینا لە دۆنێتسک، کوژراون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ناوچەی دۆنێتسک، ناوەندی بەڕێوەبردنی ١٢ی سوپای ئۆکراینا و چوار کۆگای چەک و تەقەمەنی بۆردومان کراون و ١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە رێی سیستمی بەرگریی ئاسمانی رووسیاوە خراونەتەخوارەوە.
کۆناشێنکۆف گوتیشی: "تا ئێستا ٢٦٠ فڕۆکە، ١٤٤ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٦٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٥٧ سیستمی بەرگریی ئاسمانی، چوار هەزار و ١٤٦ تانک و زرێپۆش، ٧٦٣ سیستمی فرەهاوێژی مووشەک، سێ هەزار و ١٨٥ تانک و تۆپهاوێژ، چوار هەزار و ٤٥٢ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکراینامان تێکشکاندووە".