ئەفغانستان 350 هەزار تۆن نەوت لە ئێران دەکڕێت
وەزارەتی دارایی حكوومهتی تاڵیبان ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنهی لەگەڵ ئێران كردوویانه، ٣٥٠ هەزار تۆن نەوت لەو وڵاتە دەکڕن.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتهكه تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی نوێنەرانی ههریهك له وەزارەتەکانی دارایی، دەرەوە و بازرگانیی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان و کۆمپانیای نەوت و گازی نیشتمانیی ئەفغانستان سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانیان کردووە.
شاندی ئەفغانستان لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و نوێنەرانی کۆمپانیاكانی نەوتی ئێران کۆبوونەتەوە و تاوتوێی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن ئەفغانستانهوه، کوالێتی نەوتەکە و گواستنەوەی بۆ ئەو وڵاتەكهیان كردووه.
شاندی هەردوولا هەروەها گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی لیژنەیەک بە مەبەستی پێشخستنی هەماهەنگییەکان بۆ درێژکردنەوەی هێڵی بۆری نەوت، دامەزراندنی پاڵاوگەی هاوبەشی نەوت و ئاسانکاری بۆ بازرگانان.
- رێککەوتن بۆ کڕینی ٣٥٠ هەزار تۆن نەوت
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لهپێناو کەمکردنەوەی نرخی نەوت و کۆنترۆڵکردنی نرخهكان لە ئەفغانستان، شاندە ئەفغانییەكه رێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ كاربهدهستانی ئێران واژوو کردووە بەمەبەستی کڕینی ٣٥٠ هەزار تۆن نەوت لە ئێران.