پرۆسەی گشتپرسی لەسەر دەستووری نوێی تونس دەستی پێ کرد
دیجیتال میدیای سپێده
لە تونس پرۆسەی گشتپرسی لەسەر دەستووری نوێی وڵات دەستی پێ کرد.
لە سەرانسەری وڵاتدا، ١١ هەزار و ٢٣٦ سندوق لە چوار هەزار و ٢١٦ ناوەندی دەنگدان دانراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو گشتپرسییەی کە تیایدا دەنگ لەسەر دەستوورێکی ١٤٢ ماددەیی دەدرێت کە لە ٣٠ی حوزەیراندا بۆ رای گشتیی راگەیەندرا و پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ بەکاتی ناوخۆدەستی پێ کردووە و تا کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەردەوام دەبێت.
لەو پرۆسەیەدا تێکڕا نۆ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار و ٦٤ دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان هەیە کە ٣٤٨ هەزار و ٨٧٦ کەسیان لەدەرەوەی وڵاتن.
ئێوارەی دوێنێ دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە تونس رایگەیاند کە لە سەرانسەری تونسدا، پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ بۆ ٢٢:٠٠ دەبێت و لە دەرەوەی وڵاتیش رۆژانی ٢٣-٢٤-٢٥ی تەمووز لە کاتژمێر ٠٨:٠٠-١٨:٠٠ دەنگ دەدرێت.
سەرۆکی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە تونس، فاروق بوعەسكەر لە یەکی تەمووزدا رایگەیاند، ٨٤ هەزار کارمەندیان لەسەر ١١ هەزار سندوقی دەنگدان داناوە لە سەرانسەری وڵاتدا.
فاروق بوعەسكەر باسی لەوە کرد کە لە دەرەوەی وڵات، ٣٧٨ سندوق لە ٢٩٨ ناونددا دادەنێن بۆ پرۆسەکە.
- قەیرانی سیاسیی لە تونس
سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١دا، پەرلەمانی هەڵپەسارد و پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵگرت و لە ٢٢ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا بە چەند بڕیارنامەیەک، دەسەڵاتەکانی خۆی فراوان کرد، هەروەها دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی بەتەواوی بەخۆیەوە پەیوەست کرد.
قەیس سعەیید لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، نەخشەڕێگای دەربازبوون لە قەیرانی سیاسیی راگەیاند و ئەوەی خستەڕوو کە لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢دا، گشتپرسی دەکرێت بۆ گۆڕینی دەستوور و لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢شدا، هەڵبژاردنی پێش وەختە ساز دەکرێت، تا ئەو کاتەش پەرلەمان دادەخرێت.