مەڵبەندی گەرمیانی یەکگرتوو: تەواو نەکردنی ڕێگای کەلار سلێمانی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ حکومەتی ھەرێم
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 23 تهموزی 2022 ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانی کوردستان سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد.
لەمیانەی گفتوگۆیەکدا لەبارەی تەواونەکردنی ڕێگای کەلار سلێمانی و قوربانی و ئاستەنگەکانی، ھەردوولا ھاوڕابوون لەدروستکردنی فشارو ھەڵمەتی زیاتر بۆ تەواوکردنی ڕێگاکە، کەلە ساڵی 2013 وە بەڵێنی بەجووت سایدکردنی دەدرێت.
لایخۆیەوە بەڕێز کاک حاجی (بورھان مزەفەر) بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ ھەڵمەت و کەمپینەکان بۆ تەواوکردنی ڕێگاکە،ئاماژەی بەوەکرد بەجووت سایدنەکردنی ڕێگای کەلار سلێمانی لەماوەی 9ساڵدا عەیبەو شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکگرتوو باسی لەوەشكرد، ھەرگیز دانیشتوانی گەرمیان ئەم خەم ساردی و بێ باکیەیان لەبیرناچێت.
جێی باسە: لەساڵی 2013ـەوە دوو سایدکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەماوەی نۆ ساڵدا حکوومەتی هەرێم نەیتوانیوە ڕێگاکە تەواو بکات، لەو ماوەیەدا چەندین جار بودجە تەرخان کراوە، بەڵام ڕێگاکەی پێ تەواو نەکراوە و جیاواز لە زیانی گیانی هەر لەو ڕێگایە دەیان میلۆن دۆلار زیانی ماددی هەبووە.