لە پاکستان ژمارەی قوربانییانی بارانی وەرزیی گەشتە 298 کەس
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بارانی وەرزییەوە لە پاکستان گیانیان لەدەستداوە کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا کاریگەری هەیە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا، بەرزبووەتەوە بۆ ٢٩٨ کەس.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنی نیشتمانیی پاکستان، بارانی بەلێزمە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە لە شارە جیاوازەکانی پاکستان درێژەی هەیە، کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
لە ئاکامی ئەو بارانە بەلێزمەیەدا کە کارەسات و رووداوی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە لە شاری کەراچی، چوار کەس بەهۆی بەرکەوتنی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.
لە زۆر شوێنی شارەکەدا، سەربانی خانووەکان رووخاون و خانووەکان کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.
لە ویلایەتی سیند و شارەکانی کەراچی و حەیدەر ئاباد بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، دەوامی فەرمانگەکان کراونەتە پشووی فەرمی.
لە شارەکانی دەرا ئیسماعیل خان و لۆوەر دیر سەربە هەرێمی خەیبەر پاختونخوا، دوو کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە کاتێکدا بازاڕەکانی دەرا ئیسماعیل خان ژێر ئاو کەوتوون، رێگاکانی هاتوچۆش داخراون.
هەروەها لافاو ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی سەربە ناوچەی پورڤای گرتووەتەوە و خانووەکانیان ژێر ئاو کەوتوون.
لە شاری لاهور سەربە هەرێمی پەنجاپ بەهۆی بارانی بەخوڕەوە منداڵێک و لە شاری کویتا سەربە هەرێمی بەلۆچستان کەسێک گیانی لەدەستداوە.
لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە شارە جیاوازەکانی وڵاتەکە هەشت کەس بەهۆی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا، بەهۆی بارانی بەلێزمە و لافاوەوە لە هەڕیمەکانی بەلپچستان ١٠٠ کەس و لە سیند ٧٤ کەس و لە خەیبەر پاختونخوا ٦٣ کەس و لە پەنجاپ ٦١ کەس گیانیان لەدەستداوە.