جووتیار عادل: "ھێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین"
دیجیتال میدیای سپێده
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل راگەیاند کە جارێکی دیکە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا ھێرشیان کردە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئاماژەی بەوەیشدا، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ھەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستانە .
جووتیار عادل پەیامێکی لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی شهوی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە تیایدا ھاتوو "ھێرشکردنەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە لەلایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوی یاسا ئەنجام درایەوە، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین".
راشیگەیاندووە "داوا لە حکومەتی فیدراڵیی دەکەین ، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ھێرشە تیرۆریستیانە".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەیش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ھەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستانە .
رۆژی دووشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، بە مووشەک ھێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ئێستادا، رۆژانە ١٣ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بەرھەم دەھێنێت، رۆژانە بڕی ٢٢ ھەزار بەرمیل کۆندێنسەیت بەرھەم دەھێنێت و بەتانکەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی پەمپی خورمەڵە و تێکەڵ بە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
حکوومەتی ھەرێم لە نیسانی ٢٠٠٧دا گرێبەستی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای دانەگاز و کریسنت پتریۆلیۆمی ئیماراتی واژوو کرد و لە ھەمان گرێبەست مافی دەرھێنانی نەوت و گاز لە ھەردوو بلۆکی کۆرمۆر و چەمچەمال دەدات بەو دوو کۆمپانیایە.