هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری کارەبای عێراق: ئامادەین گازی ھەرێمی کوردستان بکڕین

وەزیری کارەبای عێراق: ئامادەین گازی ھەرێمی کوردستان بکڕین
وەزیری کارەبای عێراق: ئامادەین گازی ھەرێمی کوردستان بکڕین

2022-07-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


- وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح و وەزیری کارەبای عێراق، عادل کەریم رێکخستن و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، بابەتی رێکخستن و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.

راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دابینکردنی پارە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ تایبەت بە بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا.

دوای کۆبوونەوەکەیش وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح و وەزیری کارەبای عێراق، عادل کەریم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان سازکرد.

سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ دووشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ بۆسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکەوە بەردەوامە و گوتی: "ئەرکی حکوومەتی عێراقە، ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیر بکات".

وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە لەئێستادا، رۆژانە ١٦ کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتییان دەدرێت و گوتی: "چوار وێستگەی دیکەی تایبەت بە بەرھەمھێنانی کارەبا دادەمەزرێنن".

لای خۆیەوە وەزیری کارەبای عێراق، عادل کەریم رایگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا لەگەڵ وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان، بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.

عادل کەریم لەبارەی پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداو، ئاماژەی بەوەدا کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوو ساڵ دەخایەنێت.

وەزیری کارەبای عێراق راشیگەیاند "ئەگەر ھەرێمی کوردستان گازی زیاتر بەرھەمبھێنێت، ئەوا ئامادەین بیکڕین".