هەواڵی کوردستان ئێستا

کاردانەوەکان دژی بوردومانی گوندی پەرخەی زاخۆ بەردەوامە

کاردانەوەکان دژی بوردومانی گوندی پەرخەی زاخۆ بەردەوامە
کاردانەوەکان دژی بوردومانی گوندی پەرخەی زاخۆ بەردەوامە

2022-07-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کاردانەوە سیاسی و پەرلەمانییەکان لە مەڕ بۆردومانی گەشتیاران لە گوندی پەرخەی زاخۆ درێژەی هەیە ، لەو بارەوە ، لیژنەی بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کۆبوونەوەکانی بەردەوامە بۆ ئامادە کردنی راپۆرتی کۆتایی و تاوتوێ کردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران ، بە پێی زانیارییەکانی کەناڵی ئاسمانی سپێدە ، لیژنەکە لە راپۆرتی کۆتاییدا راسپارەدەی پێویست سەبارەت بەو روداوە ئامادە دەکات ، کە پێشبینی دەکرێ جۆری پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانییەکان دیاری بکات ، هاوکات بەشێک لە چاودێران وای بۆ دەچن عێڕاق ناتوانێ لەو بارەوە بریاری گەورە و کاریگەر بدات .

هەر سەبارەت بەو کارەساتە ، لە سەر داوای عێڕاق ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام ئەدات . عێڕاق دەخوازێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی ئەو روداوە بکات و سەرکەوتنێکی دبلۆماسی و سیاسی بەدەس بێنێ .

لە لایەن خۆیانەوە ، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا ، رایانگەیاندووە سوپای وڵاتەکەیان دەستی لەو تاوانەدا نییە و داوای لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە بەغدا دەکەن . لە درێژەی ئەو رەتکردنەوە فەرمییەی دەوڵەتی تورکیا ، رەجەب تەیب ئەردۆگان ، سەرۆکی تورکیا ، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ، کە بۆ ژمارەیەک کەناڵی تورکی سازکرابوو ،وێڕای ئیدانەکردن ، سوپای وڵاتەکەی بێ بەری دەکات ، هەروەها باس لە هەبوونی هێزی چەکداری پەکەکە و یەپەگە دەکات و دەیخاتە ئەستۆی ئەوان . سەرۆکی تورکیا زیاتر رایگەیاند لە نێوان تورکیا و عێڕاق گەشەی باش هەیە و هەن دەیانەوێ ئەوە تێک بدەن .

ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا لە کاتێکدایە کاردانەوە جەماوەری و سیاسییەکان لە ناوخۆی عێڕاق ، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات تا جۆری بڕیارە فەرمییەکانی عێڕاق دەرکەوێ .