هەواڵی کوردستان ئێستا

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان: بۆ رێگرییکردن لە توندوتیژیی زیاتر لۆژیک و ژیریی پێویستە

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان: بۆ رێگرییکردن لە توندوتیژیی زیاتر لۆژیک و ژیریی پێویستە
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان: بۆ رێگرییکردن لە توندوتیژیی زیاتر لۆژیک و ژیریی پێویستە

2022-07-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (UNAMI) نیگەرانی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا نیشاندا و داوای کرد کە بە لۆژیک و ژیرییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکرێت.

لەو راگەیەندراوەی کە لە یونامەیەوە لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا کە ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە "هەڵکشانی گرژییەکان مایەی نیگەرانییەکی زۆرە".

نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێویستە بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر پەنا بۆ لۆژیک و ژیریی ببرێت و پێویسە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش لەپێناو بەرژەوەندیی عێراقدا گرژییەکان خاو بکەنەوە".

ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و هەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران.

هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێشکڕێژ، بۆمبی دەنگیی و ئاوی قەتیسکراویان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە توندوتیژی سەریهەڵدا.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ بەغدا تا ئێستا، ١٢٥ کەس بریندار بوونە کە ١٠٠یان مەدەنی و ٢٥یان لە هێزە ئەمنییەکانن.