ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی ئێران گەیشتە نزیكی70 کەس
دیجیتال میدیای سپێده
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەیەی بەشێکی زۆری ئێرانی گرتەوە، بەتایبەتی پارێزگای تاران و لە ئاکامی دروستبوونی لافاودا گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٦٩ کەس.
جێگری سەرۆكی بەشی تەکنیک و هەماهەنگیی داڕشتنەوەی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیران لە ئێران، نەجات جیهانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو کارەساتە سروشتییەدا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٥ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
نەجات جیهانی باسی لەوە کرد کە لەنێو ئەو ٦٩ کەسەی گیانیان لەدەستداوە، شەش هاووڵاتی عێراقی هەن و گوتی: 'لەو ٤٥ کەسەی بێسەروشوێن بوون سیانیان هاووڵاتی عێراقیین، هەروەها لە دوایین رووداوی لافاودا، ٣٩ کەس برینداربوون کە سیانیان عێراقیین'.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە ٢٤ پارێزگای وڵاتەکە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بارانی بەلێزمە و لافاوەوە و زۆرترین قوربانیی لە تاران، کرمان، یەزد، مەزەندەران، مەرکەزی، سێستان-بەلۆچستان و لۆرستان بوون.