هەواڵی کوردستان ئێستا

حزبوڵڵای لوبنانی: "دیمەنی سێ کەشتیمان تۆمار کردووە کە بە دوای گازدا دەگەڕێن بۆ ئیسرائیل"

حزبوڵڵای لوبنانی:
حزبوڵڵای لوبنانی: "دیمەنی سێ کەشتیمان تۆمار کردووە کە بە دوای گازدا دەگەڕێن بۆ ئیسرائیل"

2022-08-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، دیمەنی سێ کەشتییان تۆمار کردووە کە بە دوای گازدا دەگەڕێن بۆ ئیسرائیل.

میدیاکانی لوبنان بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی حزبوڵڵا، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاو کردەوە کە لە ٣٠ی تەمووزدا تۆمار کراوە و یەک خولەک و ١٦ چرکەیە.

لە گرتەکەدا ئەو کەشتییانە دەبیندرێن کە بە دوای گازدا دەگەڕێن بۆ ئیسرائیل لە دووری نزیکەی ٩٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی لوبنان و ئاماژە بەوە دراوە ئەو کەشتییانە لە سنووری مەودای مووشەکەکانی هێزەکانی حزبوڵڵادان.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ ئاراستەکردنی مووشەکێکی دەریایی دەبیندرێت.

ئەم پێشهاتە بەرلە سەردانەکەی راوێژکاری ئاسایشی وزە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئامۆس هاکستیان بۆ بەیروت رووی دا، ئاماژە بەوە دەدرێت ئامۆس هاکستیان وەڵامی پێشنیازەکەی لوبنانی پێ دەبێت لەبارەی هێڵکێشان بۆ سنوورە ئاوییەکانی باشوور لەلایەن ئیسرائیلەوە.

کێشە لەسەر رووبەری نزیکەی ٨٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە گۆڕەپانی دەریایی لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەیە، هەردوو وڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مافی قەڵەمڕەوی دەریایییان لەو ناوچەیە هەیە.