ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات، دەرئەنجامەو شكستی دەسەڵاتدارانە
دیجیتال میدیای سپێده
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1-8-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەشاری سلێمانی لەگەڵ بەشێك لە ڕێكخستنەكانی هەندەرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبویەوەو ڕایگەیاند: پێویستە ئێوەی كوردانی تاراوگە شانازی بكەن بە كوردبوون و كەلتوری خۆتان و باوەڕی ئیمانداری و ترازوی میانڕەوی ئیسلامیی.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە كە ئیمان و بەها باڵاكان لە هەر شوێن و كۆمەڵگەیەك پیرۆزیی خۆی هەیەو لەسەر بنەمای ترازوی شەریعەت بابەتەكان پەسەند دەكەین و یا ڕەتی دەكەینەوەو بێگومان لە وڵاتانی دەرەوە ئازادی فەراهەمترە بۆ ئەم بابەتانە، دەبێت بە پاراستنی پێناسەی ئیسلامی و كوردەواری خۆتان هاوڵاتی بوونی خۆتان لەو كۆمەڵگایانەدا بەماف و ئەركەوە ئەنجام بدەن.
لەكۆتایی دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشیكی خستەسەر پێشهاتە نوێیەكانی عێراق و ڕایگەیاند: ئەوەی ڕوو دەدات دەرئەنجامی شكستی دەسەڵاتدارانە لە شەڕی پۆست و كورسی و دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات و بەداخەوە دۆخی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخی عێراق باشتر نیەو ئەدائی حكومڕانی و سیاسی و دارایی باش نیەو دۆخی كۆمەڵایەتی شڵەژاوەو دەبێت دەسەڵاتداران هۆشیارانەتر مامەڵە بكەن.