د. موسەننا ئەمین: ئەگەری هەیە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ شۆڕش و پەکخستنی دەوڵەت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دوای ئەوەی کە لایەنگرانی رەوتی سەدر لەنێو شەقام ماوەی دوو رۆژە چوونەتە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران و هەموو کارەکانی ئەو دەزگا فەرمییەی عێراقیان پەکخستووە، لەئێستادا نیگەرانییەکان بە ئاراستەیەکن کە وەک چاودێران و سیاسییەکان باسی لێوە دەکەن، ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی خوێناوی لێ دەکرێت.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە و چەند پرسێکی دیکە، ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، موسەننا ئەمین ئەنجام دا.
موسەننا ئەمین سەرەتا لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، لەبارەی هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای گۆڕەپانی بەغدا گوتی:
'هەڵوێستی ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی و کۆی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ ئەم دۆخە روونە، ئێمە داوای رێککەوتن دەکەین، داوای ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەکەین، پێمان وایە، لەلایەک دەبێت شکۆی پەرلەمان و کارەکانی پارێزراو بێت و کەس مافی ئەوەی نەبێت کە پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەوڵەت پەک بخات، هاوکات دەبێت رێز لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و داواکارییەکانی شەقام بگیرێت لە چوارچێوەی دەستوور و بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەمانە هەردووکیان، واتە رێزگرتن لە داخوازیی شەقام و خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور، هاوکات رێزگرتن لە شکۆی پەرلەمان و کارایی پەرلەمان، پێداویستیی ژیانێکی تەندروستن، چونکە ئەوە رێزگرتنە لە یاسا و دەستوور و دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، موسەننا ئەمین سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان گوتی: 'ئەم کێشەیە رەوتی سەدر دروستییان کردووە، دوای ئەوەی کە نەیانتوانی ئامانجی خۆیان لە پێکهێنانی حکوومەت بەدەستبهێنن و سەرۆکوەزیران بۆخۆیان ببەن، بەڕێککەوتن لەگەل هەندێک لایەنەکانی پەرلەمان لە کورد و سوننە، دواتر هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیە شکستی هێنا، پاشەکشەیان کرد و لە پەرلەمان دەستیان لەکارکێشایەوە و چوونە دەرەوە، دواتریش ئێستا لە رێگەی شەقامەوە ئەو سەرۆکوەزیرانەی کە خۆیان دەیانەوێت، هەوڵ دەدەن دایبنێن و هەر سەرۆکوەزیرانێک بێ قسەی ئەوان بێت دانەنرێت، ئەم خۆپیشاندانانە ئامانجی ئەوەیە. گەمارۆدان و پەکخستنی پەرلەمان ئامانجەکانی ئەم خۆپیشاندانانەن".
موسەننا ئەمین سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر لە دەرەنجامی خۆپیشاندانەکانی ئێستا و پەکخستنی کارەکانی پەرلەمانی عێراق گوتی: 'بێگۆمان کاتێک کێشەکە هێندە گەورە و ئاڵۆز دەبێت، چارەسەریان زەحمەت دەبێت و میللەت دابەش دەبێت، شەقام گڕ دەگرێت، هاوکات ئەگەری پێکدادانی لایەنگرانی هەردوولا دژ بەیەک زۆر دەبێت، بۆیە پێویستە لەم کاتانەدا زۆر بە دانایییانە و حیکمەت و سنگفراوانی و ئەقڵێکی کراوەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ دۆخەکە، بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخە سەرنەگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی و خوێنڕشتن و دروستبوونی کارەساتێکی گەورەتر، بۆیە هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە بەزووترین کات بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بەشداریی مەرجەعییەت و تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق، کۆنگرەیەکی چڕوپڕ بکرێت، بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەک لەم تەنگەژەیەدا".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، موسەننا ئەمین لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا کا ئایا تا ئێستا هیچ هەنگاوێک هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی؟ گوتی:
'تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فیعلی یاخود هەوڵێکی جیددی، نەنێودەوڵەتی و نە هەرێمایەتی و نەناوخۆیی بوونی نییە بۆ چارەسەرکردن، تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش هیچ پڕۆژەیەک نییە، تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕایە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیش، هیچ پرۆژەیەک پێشکەش نەکراوە بۆ چارەسەریی قەیرانەکە".
موسەننا ئەمین سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ داهاتووی دۆخەکە و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بە پێشبینی ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت یان بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی هەردوو تەرەفی ناکۆک؟ گوتی:
'لە راستیدا ئەگەرەکان بە هەموو لایەکدا کراوەن، چاوەڕێ ناکەم ببێتە شەڕێکی ناوخۆی بەربڵاوی درێژخایەن، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە لە هەموو ساتێکدا روبەڕووبوونەوە رووبدات لەلایەن هەردوو تەڕەفی ناکۆک لەسەر پرسی حکومڕانی و سەرۆکوەزیران و ئەگەری رژانی خوێن هەیە، پەکخستنی پەرلەمان بەم شێوەیە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئەو کات ئەمە تەنیا لەسەر ئاستی خۆپیشاندان نامێنێتەوە و دەبێتە جۆرێک لە شۆڕش و پەکخستنی دەوڵەت و هەوڵدانی بەزۆر سەپاندنی بیروڕاکان، کێشەکە ئەوەیە کە سەرۆکوەزیران خۆی بەشێکە لەم پلانەی برادەرانی رەوتی سەدر پەیڕەوی دەکەن، چونکە بەرژەوەندی ئەویشی تێدایە، تاوەکو پەرلەمان نەتوانێت سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەڵبژێرێت کە جێی ئەو بگرێتەوە، ئەوکات خۆیشی (مستەفا کازمی) لێی سودمەند دەبێت، بەبڕوای من ئاسانکاریشی کردووە بۆ هاتنی ئەم خۆپیشاندەرانە و کۆمەککردنیان بۆ دروستکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، تاوەکو پەرلەمان دابخرێت بەزۆری خۆپیشاندەران، بۆیە ئەگەرەکان کراوەن، هەرچەندە ئێمە هیواخوازین دوور لە هەر ئاڵۆزییەک و خوێنڕشتن و درێژەکێشانی ئەم ئاڵۆزییە کە دواجار زیانی گەورە دەگەیەنێت بە ئابووری عێراق دۆخەکە هەرچی زووترە چارەسەر بکرێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، موسەننا ئەمین سەبارەت بەوەڵامی پرسیارێک کە ئایا چاوەڕێ دەکەن پەرلەمان بتوانێت چی کارێک بکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، یان ئەگەر هەیە لە دەرەوەی بارەگای پەرلەمان کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت؟ گوتی: 'پەرلەمان دەتوانێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات و دەبێت پەرلەمان دەستپێشخەر بێت بۆ ئەم چارەسەرییە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەرلەمانیش پێکهاتووە لەو هێزە سیاسییانەی خاوەنی خوڵقاندنی قەیرانەکەن، بەشێکی گرنگ لەلایەنی دەستلەکارکێشاوە (رەوتی سەدر) چی ئەوانەی کە ماونەتەوە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێکن لەم قەیرانە، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت وەک دامەزراوە لەنێو بارەگادا بگاتە چارەسەری ئەم بابەتە، چونە رەوتی سەدر کە بەشێکی گەورەی پرسەکەن، ئێستا لەنێو پەرلەمان نین، بۆیە دەبێت لە دەرەوەی پەرلەمان ئەم کێشەیە چارەسەریی بۆ بدۆزرێتەوە و لەنێو سەرۆکایەتییەکانی عێراقدا هەوڵ بدرێت، تەنیا ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پەرلەمانیش بتوانێت کاری خۆی بکات، چونکە تاوەکو ئەو هێزە سیاسییانە نەگەنە رێککەوتنێک لەسەر شێوازێکی چارەسەر، هاوکات ئەو کاتەی گەیشتنە رێککەوتن، بیهێننە نێو پەرلەمان، هیچ کارێک لە دەستی پەرلەمان نایەت".