حەلبوسی: پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکەی مستەفا کازمی دەکەین
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە راگەیاند کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی ئێستا خستوویەتەڕوو.
محەمەد حەلبوسی لە تویتێکدا نووسیوویەتی "پاڵپشتی لەو دەستپێشخەرییە دەکەین کە سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ رووداوەکانی ئێستای وڵات راگەیاندووە".
راشیگەیاندووە "جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگی دانیشتنی ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ، هەروەها بەردەوامیدان بە ھەنگاوە کردەییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، تا ئەو کاتەی بەپێی کاتێکی دیاریکراو، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێن".
دوێنێ دووشەممە یەکی ئابی ٢٠٢٢ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر و لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغدا، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، گفتوگۆی نیشتمانیی ئەنجام بدەن و رایگەیاندبوو "بانگھێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و دیالۆگێکی نیشتمانی ئەنجام بدەن بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی".
دوێنێ لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
ئەوەیش لە کاتێکدابوو کە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.