هەواڵی کوردستان ئێستا

ئیمانوێل ماکرۆن: لەبارەی رەوشی عێراقەوە ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکەم

ئیمانوێل ماکرۆن: لەبارەی رەوشی عێراقەوە ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکەم
ئیمانوێل ماکرۆن: لەبارەی رەوشی عێراقەوە ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکەم

2022-08-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەبارەی رەوشی ئێستای عێراقەوە، ئاشكرایكرد، ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکات و بە گرنگی زانیوە کە رەوشەکە ھێوربکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان دان بەخۆدابگرن.

ئیمانوێل ماكرۆن لە تویتێکدا لەبارەی رەوشی ئێستای عێراقەوە نووسیویەتی: "لەبارەی رەوشی عێراقەوە ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکەم و گرنگە رەوشەکە ھێوربکرێتەوە، ھەروەھا لایەنە سیاسییەکان دان بەخۆدا بگرن".

راشیگەیاندووە: "هاوڕام لەگەڵ بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەپێناو ھێنانەدی خواستی عێراقییەکان".

دوێنێ دووشەممە یەکی ئابی ٢٠٢٢ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر و لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغدا، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ھەنووکه‌ییەکە گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجام بدەن و رایگەیاندبوو: "بانگھێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و دیالۆگێکی نیشتمانیی ئەنجام بدەن بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا".

دوێنێ لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەنجامدا.

ئەوەیش لە کاتێکدابوو کە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.