هەواڵی کوردستان ئێستا

باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق وێنه‌ی ساتی به‌خشینی سیمبولی نیشتمانیی کەنەدای به‌ سه‌رۆك بارزانی بڵاوكرده‌وه‌

باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق وێنه‌ی ساتی به‌خشینی سیمبولی نیشتمانیی کەنەدای به‌ سه‌رۆك بارزانی بڵاوكرده‌وه‌
باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق وێنه‌ی ساتی به‌خشینی سیمبولی نیشتمانیی کەنەدای به‌ سه‌رۆك بارزانی بڵاوكرده‌وه‌

2019-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق پاش دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر وێنه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژی ئاڵای كوردستاندا، سیمبولی نیشتمانیی کەنەدای وەک دیاری پێشکەش کردووه.‌

ئۆلریک شانون باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق له‌ تویته‌ره‌وه‌ نوسیوویه‌تی: "شەرەفمەندم بە دیداری سەرۆك مەسعوود بارزانی، کەسایەتیەکی دیاری مێژووی نوێ، کە لە هەموو ژیانیدا لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستان جەنگاوە و بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان سیمبولی نیشتمانیی کەنەدام وەک دیاری پێشکەش کرد.

رۆژی سێشەممە 17/12/2019، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئۆلریک شانون باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر كرد.

لەو دیدارەكەدا باڵیۆزی کەنەدا وێڕای دەربڕێنی خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان نیشان دا و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەرکردایەتییکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز نرخاند.

ئۆلریک شانون، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرینگ لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کەنەدا لە شەڕی داعشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە بەردەوام دەبێت و چاویان لەوەیە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.

سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵیۆزی کەنەدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.