ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بانگهێشتی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكات
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون وچاودێریكردنی كارەكانیان، بانگهێشتی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین بۆ ئەوەی بەرنامەی خۆیان بخەنە ڕوو و دەشڵێ: "ئێمە چاودێرییەكی چڕی كارەكانیان دەكەین، چونكە سەرۆكی حكوومەت هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ ئێمە دووپات كردووەتەوە".
عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە لە كاری خۆمان بەردەوامین و هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی چاودێریی كاری حكوومەتی خۆجێیی بكەین، كە كارەكانیان بە باشی رایی دەكەن و وەكو خۆی جێبەجێی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەكمان داناوە و هەرجارە و بەڕێوەبەرێكی گشتی بانگهێشت دەكەین و داوای لێ دەكەین بەرنامەی خۆی بۆ ساڵی ئایندە بخاتە ڕوو بۆ ئەوەی چاودێریی بكەن".
ناوبراو گوتیشی: "بەڕێوەبەری گشتیی كارەبامان بانگهێشت كرد و پلانی خۆیانی بۆ ساڵی داهاتوو خستە روو، بڕیاریشە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ بانگهێشت بكەین و هەرجارە و بەڕێوەبەرێ: بانگهێشت دەكەین، بۆ ئەوەی بەرنامەیان بۆ ساڵی داهاتوو بزانین و چاودێریی جێبەجێكردنی بكەین، چونكە سەرۆكی حكوومەت هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ ئێمە دووپات كردووەتەوە".
بڵند ئیبراهیم