یەكەمین كاروانی هاوكاری تەندروستی چین گەیشتە هەولێر
هەولێر-KDP.info- كەمێك پێش ئێستا كاروانێكی ھاوكاری چین لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان. وەزیری تەندروستیش ئاشكرای دەكات بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ژمارەیەك شارەزای چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ كونسوڵی چین لە ھەولێر ئاشكرای كرد: "ھاوكارییەكە زیاتر لە ھەزار تێستی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پێشتر لە قۆناغی یەكەمدا حكوومەتی چین ژمارەیەك ماسكی وەك ھاوكاری پێشكەشی ھەرێمی كوردستان كردووە، ھیوادارین ھاوكاری زیاترمان پێبگات".
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "بڕیارە 27ی ئەم مانگە ژمارەیەك لە شارەزایانی وڵاتی چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ھەڵسەنگاندنی نەخۆشی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڤایرۆسەكە، بێگومان ئێمە ھاوكار دەبین و پێشوازیان لێدەكەین، چونكە چین ئەزموونێكی باشی ھەیە و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا زاڵبن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا".
نی روچی، كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە ھەولێر رایگەیاند، حكوومەتی چین بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان و چەند كۆمپانیایەكی چین بەڵێنیانداوە كە ئامێری تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن".
گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان لەم دۆخە بە تەنیا نابێت و گەل و حكوومەتی چین لە پشت ھەرێمی كوردستان دەبێت، لەژێر چاودێری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو شەڕە دەبەینەوە".