رووسیا: 'لە ئۆکرانیا بنکەیەکمان بەو چەک و تەقەمەنییانەوە لەناوبرد کە لە پۆڵەنداوە بۆیان رەوانە کرابوو'
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند لە ناوچەی لڤیڤ رۆژئاوای ئۆکراینا بنکەیەکیان لەناوبردووە ئەو چەک و تەقەمەنییانەی تیادا هەڵگیرابوو کە لەدروستکراوی وڵاتانن و لە پۆڵەنداوە رەوانە کرابوون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ زانیاری دا سەبارەت بە چالاکی سوپای رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ باسی لەوە کرد کە لە ئاکامی هێرشێکدا بۆسەر لیوای ٨١ی سوپای ئۆکراینا لە ناوچەی دۆنێتسک، زیاتر لە ٥٠ سەرباز و شەش ئۆتۆمبێلی سەربازیی لەناوبراون و رایگەیاند 'لە نزیک یەکەی نیشتەجێبوونی رادیڤی سەربە ناوچەی لڤیڤ، بنکەیەک کە ئەو چەک و تەقەمەنییانەی تیاداهەڵگیرابوو کە لە پۆڵەنداوە رەوانەی ئۆکراینا کرابوو بە مووشەکی هەستیار خاپوور کرا'.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ئۆکراینا و لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ بارەگای سەرەکی و چوار کۆگای چەک و تەقەمەنی و کۆگایەکی سووتەمەنیان لەناوبردووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خستووەتەخوارەوە و دەست بەسەر دوو مووشەکهاوێژێکی Uraganدا گیراوە.
گوتیشی: "تا ئەمڕۆ ٢٦١ فڕۆکە، ١٤٥ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٦٦٩ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣٦١ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ٢٣١ تانک و زریپۆش، ٧٨٢ مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و ٢٤٢ تۆپهاوێژ و هاوەن، چوار هەزار و ٦٧٦ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سەربە سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".