تاران سازشێكی گەورە بۆ ئەمەریكا دەكات لەپێناو ڕێككەوتننامەی ناوەكی
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دانوستانەكانی تایبەت بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ناوەكیی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز دەستیانپێكردەوە.
دوای نزیكەی چوار مانگ لە وەستانی دانوستانەكانی تایبەت بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ناوەكیی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز كە لەساڵی 2015 واژۆكرا، جارێكی تر دوێنی پێنجشەممە لەژێر چاودێریی یەكێتیی ئەوروپا ئەو دانوستانانە دەستیانپێكردەوە.
رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی كەپشتی بە لێدوانی سەرچاوەی ئاگادار لەدانوستانەكان بەستووە باسی لەوەكردووە كە ئێستا تاران دەستبەرداریی داواكاریی رەشكردنەوەی سوپای پاسداران لەلیستی گرووپە تیرۆریستییەكان بووە، بەو مەرجەی واشنتۆن گەرەنتی بەهێز بدات بەوەی جارێكی تر لە ڕێككەوتننامەكە ناكشێتەوە و سزای نوێی بەسەردا ناسەپێنێت.
بەرپرسێكی باڵای رۆژئاواییش بە رۆژنامە ئەمەریكییەكەی وتووە: دەبێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بگەینە ڕێككەوتن، ئەگەر ئەوەش روویدا، ئەوە بانگهێشتی وەزیری دەرەوە دەكرێت بۆ ڤییەننا بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر ڕێككەوتنەكە بدات، ئاماژەی بەوەشكردووە كە دانوستانی رۆژی پێنجشەممە دەرفەتێكە بۆ ڕێككەوتن لەسەر دوایین خاڵی ناكۆك بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ناوەكیی.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسێكی سەر بە گرووپی سێ وڵاتە ئەوروپاییەكەی ناو دانوستانە ناوەكییەكە كە لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا پێكدێت وتویەتی: پێشبینییەكانم زۆر لاوازن و پێم وانییە ئێران ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە، بەڵكو ئەو وڵاتە زیاتر حەزی لە یارییكردنە بە راستییەكان و شێواندنی بەرپرسیارێتییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە دەبێت ئێران واز لە داواكارییە ناواقیعییەكانی بهێنێت وەك داواكاریی بۆئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كۆتایی بە پشكنینی بنكە ناوەكییەكانی بهێنێت.