ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا 20 فەڵەستینی دەستگیر کرد
سوپای ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا ٢٠ هاووڵاتیی فەڵەستینی دەستگیرکرد کە ١٩یان ئەندامی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بوون.
لە راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، ئەنجامدراوە و تیایاندا ٢٠ کەس دەستگیرکراون کە ١٩یان ئەندامی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بوون.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە کەرتی غەززە ٣٠ ئامانجی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کردووەتە ئامانج و لە کەرتی غەززەشەوە ١٦٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، تانک و فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆردومانی ٣٠ ئامانجی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیان کردووە کە لە یەکەکانی هەڵدانی مووشەک، شەش وەرشەی دروستکردنی چەک و خاڵەکانی چاودێریی بزووتنەوەکە پێکدێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر کەرتی غەززە ١١ هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵیان لە نێودا بووە و ٨٠ هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش بریندار بوون.
ئەوەش راگەیەندراوە کە لە هێرشەکانی دوێنێی ئیسرائیلدا یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە ناوی جابر تەیسیری کوژراوە.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا سەرایا قودس ئاراستەکردنی ١٠٠ مووشەکی بۆسەر تەل ئەبیب و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل راگەیاند.