رۆژی چوارشەممە گفتوگۆ لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەکرێت
- بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت و سەرۆکی حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
میدیاکانی ھەرێمی کوردستان لە زاری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فەوزی ھەریری بڵاویانکردووەتەوە کە ئامادەکاری کراوە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت، هەروەها کەسە یەکەمەکانی حزبەکان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رۆژی سێی ئاب لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە پارێزگای دهۆک لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان رایگەیاند، "پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن و تاوەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریی بکرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت".