هەواڵی کوردستان ئێستا

چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای خۆپیشاندان له‌ لایه‌نگرانی ده‌كات

چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای خۆپیشاندان له‌ لایه‌نگرانی ده‌كات
چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای خۆپیشاندان له‌ لایه‌نگرانی ده‌كات

2022-08-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


لیژنەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لایەنگرانیان سبەی ھەینی لە نزیک ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، خۆپیشاندان دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەنجام بدەنەوە.

لیژنەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی سبەی ھەینی خۆپیشاندان لە نزیک شووراکانی ناوچەی سەوز ئەنجام دەدەنەوە و داوایشی لە سەرجەم عێراقییەکان کردووە کە لە پێناو داواکردن بۆ رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن.

راشیگەیاندووە کە خۆپیشاندانەکانی سبەی ھەینی، خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە دەبێت و تیایدا داوا دەکرێت حکوومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێکبھێدرێت، بۆئەوەی کار بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان بکات، بەتایبەت قەیرانەکانی کارەبا، ئاو و کەمکردنەوەی نەھەمامەتییەکانی ھاووڵاتییان.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو "لە میانی خۆپیشاندانەکانی سبەی ھەینییدا، خۆپیشاندەران ھەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانە نیشان دەدەن و دەست بەسەرداگرتنی رای گەل و قۆرخکردنی بە ھەر بیانوویەک رەت دەکەنەوە، چونکە عێراق بۆ ھەمووانە، ھەروەھا ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گەلە و دەسەڵاتی دادوەرییش پایەی دەوڵەتە".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی یەکی ئابی ٢٠٢٢ لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەنجام دا.

ئەمەیش لە کاتێکدایە ھێشتا خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە دەورووبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.

رۆژی ھەشتی ئابی ٢٠٢٢ سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە یادی عاشوردا، گوتارێکی ڤیدیۆیی پێشکەش کرد و تیایدا وەڵامی داواکارییەکانی موقتەدا سەدری لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دایە و رایگەیاند "نە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵدەوەشێتەوە و نە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە".

دوێنێ چوارشەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە وەڵامی گوتەکەی نوری مالیکی-دا رایگەیاندبوو کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە دانیشتن نییە و داوایشی لە دادگای باڵای فیدراڵی کرد، تا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەربکات.

لەگەڵ ئەوەی ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.

لەئێستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ترسی ئەوەیان ھەیە رەوشەکە سەربکێشێ بۆ خوێنڕشتن.

ھەروەھا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکاران وای بۆ دەچن، ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات، سەرەتایەکە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازی راستەقینە.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی ھۆشداریی دەدەن کە ئەگەری ھەیە بەھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات.