هەواڵی کوردستان ئێستا

رووسیا: "چوار هەزار و ٢٩٣ تانک و زرێپۆشی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە"

رووسیا:
رووسیا: "چوار هەزار و ٢٩٣ تانک و زرێپۆشی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە"

2022-08-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دەستپێکی جەنگی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا تا ئێستا چوار هەزار و ٢٩٣ تانک و زرێپۆشی ئۆکراینایان تێکشکاندووە.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ دەربارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا، زانیاری خستەڕوو و ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی هێرشی رووسیا بۆسەر لیوای ١٤ی هێزەکانی ئۆکراینا، زیاتر لە دوو هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون.

ناوبراو باسی لە هێرشێکی دیکەی وڵاتەکەی بۆسەر لیوای ٢٨ی ئۆکرانیا کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لەو هێرشەشدا نزیکەی ١٠٠ سەرباز و نۆ ئامێری سەربازیی سوپای ئۆکرانیا لەناوبراون.

کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا کە سەربازانی رووسیا لە ناوچەی دۆنێتسک، هێرشیان کردووەتە سەر لیوای ٥٨ی سوپای ئۆکراینا و لە ئاکامدا ٤٠ سەربازی ئۆکرانی کوژراون و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکێندراون.

دەربارەی چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردوو سوپای رووسیا، کۆناشینکۆڤ باسی لەوە کرد کە پێنج ناوەندی ئیداری و شەش کۆگای چەک و تەقەمەنی لەناوبراون، هەروەها لە ناوچەی دۆنێتسک، بۆردومانی وێستگەی راداری "AN/MPQ-64" کراوە کە سیستمێکی بەرگرییە و لەلایەن ئەمریکاوە دراوە بە ئۆکرانیا.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دوو سیستمی فرەهاوێژی مووشەکیان تێکشکاندووە.

دەربارەی کۆی زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا، کۆناشێنکۆڤ رایگەیاند: "تا ئێستا ٢٦٧ فڕۆکە، ١٤٦ کۆپتەر، هەزار و ٧٣٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٦٥ سیستمی بەرگری ئاسمانی، چوار هەزار و ٢٩٣ تانک و زرێپۆش، ٧٩٧ سیستمی فرەهاوێژی موشەک، چوار هەزار و ٨٤٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی، سێ هەزار و ٢٩٠ دەبابە، هاوەن و تۆپهاوێژی سوپای ئۆکرانیا تێکشکێندراون".