سیاسەتی یەکدەستە
هاودهنگ فارۆق
ئەم هەنگاوانەی بۆ یەکخستنی نێوماڵی کوردستانی و کۆبوونەوەی حزبەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گرنگن و لە ڕووی عەمەلییەوە، حزبەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە، لە نێزیکەوە ئاگاداری کار و هەنگاوەکانی یەکتر دەبن، چونکە هەرسێکیان لە کاروباری ئیداری و یاسایی و سیاسی و هەڵوێستە دەرەکییەکاندا یەکتر تەواو دەکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا لێکدابڕان و لێکترازانیش لە نێوان ئەو دامەزراوانەدا هەبووە، ڕێگری و دەستوەردان لە كاروباری یەكدی هەبووە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لە سەر ئیدارە و یەکڕیزیی کوردستانی لە ناوخۆ و بەغدا هەبوو، کەواتە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو، دەکرێ ئومێد لە سەر ئەو پیکەوەکارکردنەی سێ سەرۆکایەتییەکە هەڵبچنین.
ئەم جۆرە کۆبوونەوە دەوریانە زەمینە دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان کاڵتر بکرێنەوە و تەرجەمەی کاری بەكۆمەڵ بکرێن.
ئەمڕۆ هاودەنگی و یەکهەڵوێستیی کورد لە هەموو وەختێک گرنگترە، کاتی ئەوەیە هەندێ لە ڕوانگا و ویستی حزبییەکان وەلا بنرێن، سیاسەتی کوردستانیانە لە سەرووی حزبایەتی بێت، بۆ ئەوەی لە خاڵی کۆتاییدا، هەمووان یەک هەڵویستیان بەرامبەر بەغدا و ئیدارەدانێکی باش و چاکسازییەکی دادپەروەرانە هەبێ. فرەهەڵویستی کاریگەریی مەترسییەکان لە سەر دەستکەوت و ئەزموونی کوردستان زیاتر دەکات.
هاوهەڵوێستیی و یەك سیاسەتیی ئێستا بۆیە گرینگتر و لە پێشترە، چونكە عێراق وەك چۆن بەناونانی سەرۆكوەزیرانێكی تازە، لەبەردەم دامەزراندنەوەی ژیانی حكوومیدایە، بەهەمان شێوە لەبەردەمی ئەگەری دانەنانی سەرۆكوەزیران و شكستی ئەو هەوڵانەشدایە كە بۆ دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ لەگۆڕێدان؛ لەوحاڵەتەدا پێویستە كورد ڕەچاوی سیناریۆیەكی لەم شێوەیە بكات، ئەمجارە پێشوەختە پلانی هەبێت بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەكان و پێكەوە دەزگا یاساییەكانی كوردستان و حزبە سیاسییەكان ئۆباڵی هەر هەنگاوێك لەئەستۆ بگرن.
ئاخر بارودۆخی عێراق و ناوچەكە كراوەیە بۆ هەموو ئەگەرێك، ناكرێت كورد وەك كارەكتەرێكی دیاری ناوچەكە پلان و سیناریۆی خۆی دانەڕشتبێت. تەنانەت ئەگەر پرسەكەش بێتە سەر دابەشكردنی كێكەكە، ئەگەر بەیەك دەست لەسەر سفرەكە ئامادەیی نەبێت، كورد هیچی بەرناكەوێت.